ئەمڕۆ 30ی ئازار هەڵبژاردنێکی چارەنوسساز لە تورکیا بەڕێوە دەچێت، کە وەکو یەکێک لە گەورەترین تەحەدداکانی بەردەم پارتی دادو گەشەپێدان (ئەکەپە) تەماشا دەکرێت، هەروەها ڕیفراندۆمێکە بۆ سیاسەتەکانی ئەردۆغان بە شێوەیەکی دیاریکراو لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوو
لەسەرەتای دروستکردنی ئەکەپە، 15 مانگ بەر لە هەڵبژاردنە گشتیەکانی ساڵی 2002، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەجۆرێک لە جۆرەکان هاوپەیمانێتی هەبوو لەگەڵ جەماعەتی خزمەت، یاخود بزوتنەوەکەی فەتحوڵا گیولەن. ئەو هاوپەیمانێتیە بەردەوام بوو هەرچەندە بەرزی و نشێوی تێکەوت، تاوەکو ئەوەی گەیشتە ناوەڕاستی ساڵی 2010 کە لەدوای کەشتی گەلی ناوبراو بە کەشتی گەلی ئازادی، پەیوەندیەکان چوونە قۆناغێکی نوێوەو بەرزی و نشێوی تێکەوت. هەرچەندە کاریگەری تێکچوونی پەیوەندیەکان لە هەڵبژاردنە گشتیەکانی 2011دا ڕەنگی نەدایەوە، بەشێوەیەک کە (ئەکەپە) توانی نیوەی هەموو دەنگەکانی تورکیا بەدەست بهێنێت. بەڵام بەبۆچوونی زۆرێک لە چاودێران ئەم هەڵبژاردنە ڕکابەری نێوان (ئەردۆغان) و (گیولەن) یەکلایی دەکاتەوە ئەمەش لەبەر چەند هۆکارێک کە لەخوارەوەدا دەیخەنە ڕوو. چیرۆکی ئەردۆغان و گیولەن لەسەرەتاوە بە ڕووبەڕوو بوونەوەی ژەنەڕاڵەکان دەستی پێکرد لەڕێگەی ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو هێزە لە کەیسی ئەرگەنەکۆن و باڵیۆزەوە کە لەوکاتەدا گیولەن پشتیوانی لە ئەردۆغان کرد و بەیەک دەست پێگەی ژەنەراڵ و هێزی سەربازیان لەو وڵاتەدا لاواز کرد. گیولەن هەرچەندە ئیسلامگەرایە بەڵام بەوشێوەیەیە نیە کە نەجمەدین ئەربەکان خوازیاری بوو بۆیە لەسەرەتاوە هەنگاوەکانی بەدیموکراسی کردن و لەولاوە پشتیوانی کردن لە نۆرم و کەلتوری ئەو وڵاتە هاوکۆک بوون لەگەڵ بۆچوونەکانی گیولەن. بەهێزکردنەوەو گوڕوتین دروستکردن لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا هۆکارێک بوو بۆئەوەی گیولەنیش تۆڕی چالاکیەکانی خۆی فراوان بکات و قوتابخانە و کۆمپانیا و دامودەزگاکانی لە ناوچەکەدا بەشێوەیەکی چالاکتر هەنگاو بنێن وەکو لەکۆتاییەکانی ساڵانی نەوەدەوە دەست بەکاربووبوون و پێگە هەستیارەکانی دەزگاکانی هەواڵگری و پۆلیس، و میدیاکان و ئابووری و بازرگانی تورکیایان داگیرکردبوو و لەناوچەکەدا پەلیان دەهاویشت.
بەڵام ئەو هاریکاری و دۆستایەتیە درێژەی نەکێشا تاوەکو ئەوەی لە دەستنیشان کردنی هاکان فیدان وەکو سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) وەکو یەکەم هەنگاوی گەورەی ڕەتکردنەوەی دەوڵەتی پارالێڵ بوو لەناو دەوڵەتی تورکیادا. فیدان کەسایەتیەکی تەواو نزیکە لە ئەردۆغانەوەو بەوشێوەیە ئەردۆغان توانی ئەو دەزگا هەستیارە لە دەستی گیولەن دەربهێنێت و بەشێوەیەکی فراوان لەناو دەوڵەتی تورکیادا چالاکی ئەنجام بدات. گیولەن نیگەرانە لە هەنگاوەکانی ئەو دەزگایە لە دەستپێکی پڕۆسەی ئاشتەوایی لەگەڵ کورد (کە لەڕابردوودا گیولەن هەڵوێستێکی ئەوتۆی لەبارەی کوردەوە دەرنەبڕیوەو بەشێوەیەکی کردارەکی ئەو هەڵوێستانەی ڕەنگی نەداوەتەوە جگە لە بڵاوکردنەوەی چەند پەیام و بۆچوونێک)، هەڵوێستەکانی ئەو دەزگایە و ئەردۆغان بەرامبەر سوریا و ئیسرائیل و ئەمریکا و دەستێوەردانی لە سیاسەتی ئیقلیمی هۆکارێکی گەورەی نیگەرانیەکانن. وەکو کاردانەوەیەک گیولەن لەڕێگەی دەزگاکانیەوە لە هەوڵی ئەوەدابوو بەجۆرێک لە جۆرەکان ڕووبەڕووی پاوانخوازی و دەسەڵاتی ئەردۆغان بێت.
بەشێک لە بۆچوونەکان لەسەر ئەو ڕایە بوون لەکاتێکدا کە لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو خۆپیشاندانەکانی گەزی پارک تەنگی بە ئەردۆغان هەڵچنی و وەکو جۆرێک لە بیانوو تەماشا کرا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی حکومەتەکەی و شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، ئەردۆغان بەشێوەیەکی زۆر توند بەرپەرچی خۆپیشاندەرانی دایەوە و پۆلیسی ئیستەنبوڵیش (کە گیولەن کەسانی زۆری لەو دەزگایەو دەزگای دادوەری هەیە) هەڵوێستی توندی هەبوو بەرامبەر خۆپیشاندەران. ئەو کاردانەوە توندەی پۆلیسی ئیستەنبوڵ بەرامبەر خۆپیشاندەران وایکرد کە ناوبانگی حکومەتەکەی ئەردۆغان لەئاستی نێودەوڵەتیدا لەکەدار بێت و ڕەخنەی جیددی لەلایەن بەرپرسانی ئەوروپا لە حکومەتەکەی ئەردۆغان بگیرێت.
لەلایەکی ترەوە بڕیاری داخستنی دەرسخانەکان کە لە ساڵی داهاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە کە نزیکەی 1000 لە دەرسخانەکانی تورکیا سەر بە جەماعەتی گیولەنن و وەکو بنەمایەکی بەهێز بۆ ئابووری و بنەمای دروستکردنی کادیری نوێ بۆ ئەو بزوتنەوەیە تەماشا دەکرێن. بۆیە بڕیاری داخستنی دەرسخانەکان وەکو سەرەتای ڕیشەکێشکردنی دەوڵەتی ناو دەوڵەتی گیولەن بوو لە تورکیا. زۆربەی نیگەرانیەکانی ئەو بزوتنەوەیەش لە سەرەتاکانی ئەو بڕیارەوە دەستی پێکرد و دوابەدوای ئەوە ئۆپەراسیۆنەکانی دژایەتی کردنی گەندەڵی (کە لەلایەن گیولەنەوە پشتیوانی کرا) دەستی پێکرد و ژمارەیەک لە وەزیرەکانی حکومەتەکەی ئەردۆغان دەستیان لەکارکێشایەوە.
هەرچەندە ئەردۆغان لەڕابردوودا دەستکەوتی گەورەی بۆ تورکیا هەبووە هەر لە پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و سەربازی ئەو وڵاتە و دانەوەی زیاتر لە 23 ملیار دۆلار قەرزی بانکی نێودەوڵەتی و دابەزینی ئاستی بێکاری بۆ کەمتر لە 10% هەموو ئەوانە وایکردووە کە مێژوویەک پتەوی ڕکابەری بۆخۆی دروست بکات، لەسەردەمی دەیەیەک لە دەسەڵاتداری ئەو پارتە گەشەسەندنی ئابووری بەردەوام %5 بووە. بەڵام ئەم تەنگژانە بوویە هۆی ئەوەی تورکیا بەقەیراندا تێپەڕێت بەڕاددەیەک کە بەهای لیرەی تورکی 23% دابەزین بەخۆیەوە ببینێت. هەرچەندە گیولەن ڕاینەگەیاندووە کە هەوادارانی دەنگ بە چ پارتێک بدەن بەڵام دژایەتی خۆی بۆ ئەردۆغان بەڕوونی بە کردەیی و لە گوتارەکانیدا ڕەنگیداوەتەوە بەڕاددەیەک کە لە دواهەمین دیداری بۆ ڕۆژنامەی زەمان وتی "ئەم بارودۆخەی ئێستا 10 ئەوەندە خراپترە لەسەردەمی کودەتای سەربازی" لەبەرئەوە ئاشکرایە ئەم هەڵبژاردنە گرەوی دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیایە لەنێوان ئەردۆغان و گیولەن.
بۆ بردنەوەو شکست خواردن هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، گیولەن و ئەردۆغان گرەو لەسەر ئیستانبوڵ و ئەنکەرەو ئیزمیڕ دەکەن. بەتایبەت ئیستەنبوڵ کە 30%ی ئابووری تورکیا لەوێوە سەرچاوە دەگرێت و 20% دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت و تەنانەت چیرۆکی سەرکەوتنەکانی ئەردۆغان لەو شارەوە دەستی پێکردووە. هەرخۆیشی لەم دواییانەدا وتی "کێ ئیستەنبوڵ بباتەوە تورکیای بردۆتەوە". لەهەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا دەنگەکانی ئۆپۆزسیۆن و ئەکەپە لەیەکترەوە نزیک بوون لە ئیستانبوڵ بەشێوەیەک کە لە هەڵبژاردنەکانی 2009دا ئەکەپە 44%ی دەنگەکان و جەهەپە 37%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا بوو. موستەفا سارگیول کاندیدی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)یە لە ئیستانبوڵ بەرامبەر کادیر تۆپباشی (ئەکەپە) ڕکابەری دەکات.
سارگیول کەسایەتیەکی سێکیولارە بەڵام بەشداری لە وتاری ڕۆژانی هەینی دەکات و هەرچەندە لەڕابردوودا دژایەتی ئەردۆغانی نەکردووەو بەڵام ئەمجارە ڕایدەگەیەنێت کە ئەو ڕکابەری "ئەردۆغانە" و ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ پێگەی ئەو شارە لەم هەڵبژاردنەدا. لەلایەکی ترەوە مەنسور یەڤاشی کاندیدی جەهەپە لەپێشوودا کاندیدی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە) بووە، بۆیە لەئێستادا مەلیح گۆکچەکی کاندیدی ئەکەپە لە ئەنکەرە ترسی لە شکستخواردن هەیە لەو شارە. ئەوەی جێگەی دڵنیاییە لەم هەڵبژاردنەدا تاڕاددەیەکی زۆر بەدەستهێنانی ئیزمیرە لەلایەن جەهەپەوەو مانەوەی دەسەڵاتیانە لەو شارەدا.
جگە لەم ڕکابەریە توندەی نێوان ئەرۆغان و گیولەن، بەهەمان شێوە ئەم هەڵبژاردنە وەکو جۆرێک لە ڕیفراندۆم وایە بۆ هەنگاو و هەڵوێستەکانی ئەردۆغان لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەتایبەت دوو ساڵی ڕابردوو. بۆچوونەکانی ئەردۆغان و جێگرەکەی بیولێنت ئارنچ لەسەر شێوازی ڕووبەڕوو بوونەوەی خۆپیشاندەرانی گەزی و تێکەڵکردنی خوێندگاکان جیاواز بوون. لەبەرئەوە دەکرێت ئەم هەڵبژاردنە ڕیفراندۆمێک بێت بۆ سیاسەتی ئەم دواییەی ئەردۆغان.
چاوەڕوان دەکرێت لەسەر بنەمای ئەم هەڵبژاردنە هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتی کە لەکۆتاییەکانی 2012 دەستی پێکرد و بە پەیامی نەورۆزی 2013 ی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانی کراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەشێوەیەکی کردارەکی چووە بواری جێبەجێ کردنەوە، ئەوەندەی تر هەنگاوی جیددی بهاوێژێت. وەکو لەدواهەمین دیدارەکانیدا ئۆجەلان ئاماژەی بەوەداوە کە دوابەدوای ئەم هەڵبژاردنانە ئەم پڕۆسەیە دەچێتە بواری یاسایی و دەستووریەوە. هەڵوەشاندنەوەەی دادگاکانی دەسەڵاتی سەربازی تورکیا یەکێک بوو لەهەنگاوە گرنگەکان بۆ ئازادکردنی ژمارەیەکی زۆر لەچالاکوانانی کورد لە کەیسی کەجەکە و پارێزەرانی ئۆجەلان. ئەم هەڵبژاردنە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە ئایا هەڵوێستەکانی ئەردۆغان و پارتەکەی بەرامبەر کورد تاچەندە لەلایەن شەقامی تورکیاوە پشتیوانی دەکرێت، بەوشێوەیە هەنگاوی زیاتر لە پڕۆسەی ئاشتی بەدی دەکرێت یاخود بەئاڕاستەیەکی تردا هەنگاو دەنێت. بەگوتەی ئەردۆغان ڕاگەیاندنی پاکێجی دیموکراسی لە ئەیلولی 2013دا هەنگاوێک بوو بەرەو کرانەوەو دیموکراسی زیاتر لە تورکیا، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت کە دوابەدوای ئەم هەڵبژاردنە هەنگاوی گەورەتر بهاوێژرێت. ئەمەش تەنها بژاردەیەک نیە لەبەردەم ئەکەپە بەڵکو زیاتر وەکو پێویستیەکە بۆئەوەی گۆرانکاریەکان لەپەرلەمانی تورکیادا ئەنجام بدرێت لەڕێگەی هاوپەیمانێتی پارتی دیموکراسی و ئاشتی (بەدەپە) و ئەکەپە.
پەیوەندیەکانی هەرێم و تورکیا هەرچەندە لەسەرەتاوە بەشێوەیەکی کەلتووری بە کردنەوەی قوتابخانە تورکیەکان لەلایەن دەزگای فەزالەرەوە لە 1994ـەوە دەستی پێکردووە، لەدواتردا پەیوەندی سیاسی و ئابووری و سەربازی و وزەی بەدوای خۆیدا هێناوە. سەردەمی ئەکەپە وەکو سەردەمێکی درەوشانەوەی پەیوەندیەکانی هەرێم و تورکیا تەماشا دەکرێت، لەکاتێکدا کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەئێستادا نزیکەی 12 ملیار دۆلارەو وەبەرهێنانی تورکیا لە هەرێم دەگاتە نزیکەی 1 ملیار دۆلار، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ بەهێزی پەیوەندیەکان. هەرچەندە هەندێجار ڕەخنە هەیە لەشێوازی ئەو پەیوەندیانە کە ترسی ئەوە هەیە هەرێم وەکو هێزێکی پاسیڤ بەرامبەر تورکیا مامەڵە بکات، بەڵام بەدڵنیاییەوە بەهۆی پێویستی وزەی تورکیا بۆ بواری پیشەسازی و بەرفراوان بوونی ئەو کەرتە لەو وڵاتەدا تاوەکو بێت پەیوەندیەکان بەهێزتر دەبن. تاوەکو هەڵبژاردنە گشتیەکان چاوەڕوانناکرێت ئەو پەیوەندیانە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆیان بەسەردا بێت. بەڵام لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردنەکان چاوەڕوان دەکرێت کە حکومەتەکەی ئەردۆغان پێداچوونەوە بکات بۆ سیاسەتە ناوخۆییەکانی و لەمیانیشیدا سیاسەتی لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی و هەرێمی کوردستانیش لەم نێوەندەدا. کە زۆرجار پەیوەندییەکانی حکومەتەکەی ئەکەپە لەگەڵ هەرێم بووەتە مایەی نیگەرانی هێزە باڵادەستەکانی ناوچەکە و تەنانەت ئەمریکا، کە ترسیان لەوە هەیە کە تورکیا وەکو هێزێکی هەژمونگەرا مامەڵە بکات لە ناوچەکەدا و لەدەرەوەی سیاسەتی ئەمریکا هەژموون بەسەر ناوچەکەدا بکات.
لەدەستدانی هەرسێ شارەکە لەلایەن ئەکەپەوە مایەی مەترسیەو قەیرانی ناسەقامگیری لە تورکیا دروست دەکات، هەرچەندە ئەوە ئەگەرێکی دوورە. بەڵام لە حاڵەتێکی لەوشێوەیەدا چاوەڕوان دەکرێت ئەردۆغان داوای هەڵبژاردنی گشتی بکات بۆئەوەی تورکیا هەنگاو بەرەو قۆناغێکی نوێی سیاسی هەڵبنێت. بەڵام بەدەستهێنانی 39%ی دەنگەکان ئاماژەیە بۆلاوازی پێگەی ئەردۆغان و چاوەڕوان دەکرێت هەوڵی گۆڕانکاری لەدەستووردا نەدات و بەهەمان بنەما دەستووریەکانی ئێستا خۆی بۆ سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا هەڵبژێرێت، وەکو وتەبێژی ئەکەپە ڕایگەیاندووە کە تاکە کاندیدیانە بۆ سەرۆکایەتی. بەڵام ئەگەر ڕێژەی دەنگەکان زیاتر لەو ڕێژەیە بێت چاوەڕوان دەکرێت ئەکەپە و بەدەپە هاوپەیمانێتی ببەستت لەپەرلەمانی تورکیا بۆ گۆڕانکاری زیاتر لە یاساکانی ئەو وڵاتە و لەناویشاندا هەمووارکردنەوەی دەستووری ئەو وڵاتە لەلایەک بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار و گۆڕینی سیستمی دەوڵەت لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی و لەلایەکی تریشەوە بۆئەوەی هەنگاوی گرنگتر بەئاڕاستەی پرسی کورد بهاوێژرێت و بەشداری و مافی سیاسی و یاسایی و ئیداری زیاتر بەکوردەکان بدرێت لە تورکیا. لەلایەکی ترەوە، سەرکەوتنی ئەکەپە مانای ئەوەیە کە بەتەواوی ئەردۆغان پشت لە هاوپەیمانەکەی ڕابردووی دەکات کە گیولەن بوو. ئیتر هەموو چاوەکان لەسەر ئەردۆغانن، هەرچەندە ئەردۆغان نەچۆتە هەڵبژاردنەوە، بەڵام لەماوەی ڕابردوودا هەموو ڕۆژێک بەشداری لە دوو بۆ سێ گردبوونەوە کردووە بەڕاددەیەک کە لە ڕۆژی پێنج شەممەدا بەتەواوی دەنگی تێکچوو و نەیتوانی بەشداری لە گردبوونەوەکانی ڕۆژانی دواتر بکات بۆئەوەی پشوو بە دەنگی بدات. ئەم هەڵبژاردنە ڕیفراندۆمە بۆ هەڵسەنگاندنی سیاسەتەکانی ئەردۆغان، چاوەڕوان دەکرێت ئەکەپە هەر یەکەم ببێتەوە بەڵام لەسەر بنەمای ڕێژەی دەنگەکانی ئەو پارتە داهاتووی سیاسی ئەردۆغان یەکلایی دەبێتەوە.
کۆشان عەلی زەمانی
*ماستەر لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان