KNN Frequencies:
  • Nilesat: 10892 H 3/4 27500 - 11227 V 27500
  • Hotbird: 12380 V 27500
نه‌یانگۆڕی!‌
| |
  21/05/2014

نوسه‌ری گه‌وره‌ عه‌زیز نه‌سین له‌ یه‌كێك له‌ چیرۆكه‌ ته‌نزه‌كانیدا باس له‌ دو عاره‌بانچی ده‌كات كه‌ له‌ناو بازاڕی میوه‌فرۆشاندا پرته‌قاڵ ئه‌فرۆشن. یه‌كێكیان پرته‌قاڵه‌كانی گه‌نیو و رزیون به‌نرخێكی گرانیش ئه‌یفرۆشێت، ده‌یان كه‌س سه‌ره‌یان بۆ گرتوه‌، ئه‌ویتریشان پرته‌قاڵه‌كه‌ی زۆر جوان و پرئاوه‌و به‌ نرخێكی هه‌رزانتریش له‌ عاره‌بانه‌كه‌یتر ئه‌فرۆشێت، كه‌چی كه‌س ناچێت به‌لایه‌وه‌.

ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌كدۆنی كاتێك به‌ له‌شكره‌كه‌یه‌وه‌ ویستی دونیا داگیربكات له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یدا گه‌یشته‌ عێراق و له‌سه‌ر ته‌ختی پاشایه‌تی بابل دانیشت. بینی توشی میلله‌تێكی زۆر سه‌یرو عه‌جایب بوه‌. نامه‌یه‌كی بۆ مامۆستاكه‌ی فه‌یله‌سوفی گریكی ئه‌رستۆ ناردو بۆی نوسی كه‌وا گه‌شتۆته‌ وڵاتێكه‌وه‌ میلله‌تێكی زۆر سه‌یری تیایه‌، به‌ هیچ شتێك رازی نین و هه‌موده‌م به‌ پرته‌و بۆڵه‌ن، ئینجا ئاماژه‌یدابو به‌وه‌ی كه‌ به‌نیازه‌ ئه‌و میلله‌ته‌ بباته‌ شوێنێكی ترو میلله‌تێكی باشتر له‌وان بێنێته‌ شوێنیانه‌وه‌. ئه‌رستۆش وه‌ڵامی دابوه‌وه‌ كه‌ شتی وا نه‌كه‌یت، چونكه‌ خه‌تای میلله‌ته‌كه‌ نیه‌، به‌ڵكو ئاووهەوای ئه‌و وڵاته‌یه‌ وا له‌ میلله‌ته‌كه‌ی كردوه‌، هه‌ر میلله‌تێكی تر له‌وانیش باشتر بێنیته‌ شوێنیان له‌وان خراپتر ئه‌بن!

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مدواییه‌دا، ده‌یان حیزب و لایه‌نی سیاسی به‌ هه‌مو جۆره‌ ئینتمایه‌كی سیاسی و فیكری و ئایینیشه‌وه‌ به‌شداریان تیا كرد. هه‌ر حیزب و لایه‌نێك به‌رنامه‌ی خۆی خسته‌ڕوی ده‌نگده‌رانه‌وه‌، كه‌ هه‌ر هه‌مویان به‌ده‌ر له‌ دو حیزبه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات، بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی و هێنانه‌كایه‌ی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، راگرتنی به‌هه‌ده‌ردانی سه‌ره‌وت و سامانی میلله‌ت بناغه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و به‌رنامه‌ سیاسیانه‌یان بو، به‌ڵام وه‌كو بینیمان میلله‌ت جارێكیتر ده‌نگیان به‌و دو حیزبه‌ گه‌نده‌ڵه‌ دایه‌وه‌، ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا مانای جۆرێك له‌ شه‌رعیه‌تدانه‌ به‌ گه‌نده‌ڵی دو حیزبه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات.

ئه‌وه‌ چه‌ندین ساڵه‌ له‌ هه‌ر كوچه‌و كۆڵانێك، له‌ هه‌مو چایخانه‌و مایخانه‌یه‌ك، له‌ ناو ماڵان و بندیواراندا باس باسی گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی ئه‌و دو حیزبه‌یه‌، ده‌ فه‌رمون ئێستا بینیمان كه‌ ئه‌وانه‌ی دادو بێدادیان بو به‌ده‌ست گه‌نده‌ڵیه‌وه‌، هه‌ر ئه‌وانیش گه‌نده‌ڵكارانیان هێنایه‌وه‌ سه‌ر ساحه‌كه‌، بۆ چوار ساڵیتریش كردیانه‌وه‌ به‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات كه‌ پێموایه‌ له‌و چوار ساڵه‌ی ئایینده‌دا ئه‌دایان خراپتریش ئه‌بێ، چونكه‌ تازه‌ ئه‌ڵێن؛ "میلله‌ت له‌ پشتمانه‌وه‌یه".

ئه‌و گۆڕانكاریه‌ سیاسیه‌ كه‌ به‌سروشت ئه‌بوایه‌ وه‌كو زه‌روره‌تێكی تاریخی بێته‌ كایه‌وه‌، ئه‌و گۆڕانه‌ی كه‌ له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی دنیادا ئه‌مرۆ په‌یتا په‌یتا وه‌كو زه‌روره‌تێكی حه‌تمی خۆی به‌سه‌ر واقیعدا فه‌رز ده‌كات، له‌ باشترین و گه‌وره‌ترین فرسه‌تی مێژوییدا له‌ده‌ست میلله‌ته‌كه‌مان چو. ئاخر كورد هه‌ر وابوه‌، هه‌میشه‌ فرسه‌تی زێرینی له‌ كیس خۆی ئه‌یات، بۆیه‌‌ كاتێك توشی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی ماڵوێرانی ئه‌بێت، ئه‌وسا ده‌ستی په‌شیمانی ئه‌گه‌زێت.

زۆر كه‌س شرۆفه‌یان دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ چونی بزوتنه‌وەی گۆڕان‌ بۆ ناو حكومه‌ت، وه‌كو یه‌كێتی نیشتمانی پروپاگەنده‌ی بۆ كرد گوایه‌ ئه‌وه‌ خیانه‌ته‌. جا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ خیانه‌ت بوبێت، خۆ زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ به‌غه‌درو غدور ده‌زانن، هه‌ر ئه‌وانیش بون ده‌نگیان دایه‌ پارتی كه‌ پێشه‌نگی رێككه‌وتنه‌كانه‌ و حكومه‌ته‌كه‌ش هه‌ر به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌وه‌وه‌یه‌.

دوای ئه‌وه‌ش هه‌مو حیزبێكی معاره‌زه‌ كاتێك دێته‌ ناو پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی چونه‌ ناو ده‌سه‌ڵاته‌، ئه‌ی‌ كه‌واته‌ بۆچی به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كات؟ خۆ به‌یانیش هه‌ر یه‌كێتی دێته‌وه‌ ناو ده‌سه‌ڵات و مه‌حاڵه‌ ده‌ستبه‌رداری ئه‌و به‌شه‌ی بێت له‌ ده‌سه‌ڵات، كه‌ ئێستا ئه‌ویش وه‌كو پارتی مانه‌وه‌ی به‌نده‌ به‌ده‌سه‌ڵاته‌وه‌. ئیدی نازانم ئه‌وكات بۆچی ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌وان حه‌ڵاله‌و بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خیانه‌ته‌.

به‌راستی سه‌رم سوڕماوه‌ له‌و ده‌نگده‌ره‌ كورده‌ی كه‌ دوای بیستو دو ساڵ له‌ ئه‌زمونی هه‌ڵبژاردن و تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی دورودرێژی ئه‌و دو حیزبه‌ ئێستاش به‌ عاتیفه‌وه‌ ده‌نگ ئه‌دات، نه‌ك له‌سه‌ر ئه‌ساسی به‌رنامه‌و كارو ئه‌دای حیزبه‌ سیاسیه‌كان.

تۆ بڵێی پاش 2714 ساڵ له‌ دامه‌زراندی ده‌وڵه‌تی كوردی، ئێستاش پێویستیمان به‌ ئیبراهیم باڵدارێكی تر بێت بۆئه‌وه‌ی فێری ئه‌لفو بێی سیاسه‌تمان بكات؟! ئه‌وه‌ پرسیاره‌ گه‌وره‌كه‌یه‌ گه‌لۆ... 


سبه‌ی

  499

زیاتر ...
  د.شێركۆ عه‌بدوڵا
  عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح
  کاوە محە مەد
  هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر
  فرمان عبدالرحمن
  کاوە محە مەد
  نەژاد جەلال
  د. سه‌ردار عه‌زیز
  کاوە محە مەد
  د. سه‌ردار عه‌زیز
123
په‌ڕه‌یله‌ 3
ژماره‌ی بابه‌ت