ماوەی چەند مانگێكە، ئەوەی دەنكە جۆیەكی ماڵی پاشای خواردبێت، دەبێت جنێوێك بە ئێمە بدات، بوختانێكمان بۆ بكات، درۆیەكمان بۆ هەڵبەستێت، قودسمان بۆ بكات بە بەعس، بێئەوەی جورئەتی ئەوەی هەبێت بەخۆی و برادەرەكانی و سەركردەكانی و مێژووی دوورو نزیكیدا بچێتەوە، بێئەوەی پەڕەكانی ڕابردوو ئەلبومەكانی تا 9/4/2003 هەڵبداتەوە، كوتەپیاوانە یەخەمان دەگرن، ماڵیان ئاوابێت، ئێمە بەهەموو مێژووی خۆمانەوە شانازیی دەكەین، بەرپرسیارین لەوەی وتومانە، نووسیومانە، كردومانە، ماڵمان لە داری بەڕوو لە بەردی خەراجە، لە زیخی كەس ناترسین، ئەوەی بەرد دەهاوێت ماڵی ئاوا...
ئێمە لە خەمی هاووڵاتیبونداین، فشار نامانوەستێنێت، متمانەی خەڵكی جوامێری نیشتمانمان وەرگرتووە، خەڵكێك كە دەزانێت سەرچاوەو ئاراستەی ڕاستیی و ڕاستەقینە لە كوێوە دێن بۆ كوێ دەچن، ئەو خەڵكە بیرتیژەن كە دەتوانن نەخشی ئێستاو ئایندەی وڵات بكەن و دور لە خۆپەرستیی و پەرێزپارێزیی و پاوانخوازیی ڕەنگ بە ژیانی گشتیی بدەنەوە.
زۆربوون ئەوانەی دەیانویست بەری خۆر بەبێژنگ بگرن، یان فوو لە ڕوناكیی خۆر بكەن، بەڵام هەڵهاتنی ڕۆژی نوێ وەڵامە بۆ كاری بێسەوادی ئەوانەی تەنها لە شەڕدا گەورە دەبن و لە ئاشوبدا سامان كۆدەكەنەوە.
ئێمە لە خەمی خواست و خەون و داخوازیی هاووڵاتیاندا دەبین، دەبینە قەڵغان نەك قەڵا، بۆ پاراستنیان، ئەوان بەخۆمان دەپارێزین، نەك لە پێناوی مانەوەی خۆماندا هەمووتان بكرێنە قوربانیی، سەردەمی توتیگەرێتیی بەسەر چوو، ئیتر چاوەكان خۆیان دەبینن، بیرەكان خۆیان دەكرێنەوەو هەنگاوەكان خۆیان خۆیان هەڵدەگرن، ئەو لە 2001دا بە منی وت: "تۆ هەرچیمان پێبڵێی هەقتەو ڕەوایە، بیرم ناچێت من و تۆ لە قاسمەڕەش بەمەسینەیەك دادەنیشتین، بەڵام تۆ لەناو خوێندكارانی زانكۆدا ڕەخنەبارانم دەكەیت، ئەوانیش دواتر فێردەبن كە قسەمان لێنەخۆنەوە"، ئێمە ئەمڕۆ بەرهەمی ڕاستگۆیمان لەگەڵ خوداو خەڵك و خۆماندا دەچنینەوە، هەرچی دەكەن، هەرچی دەڵێن، یەك زەڕە كارمان تێناكا...تەنها دەڵێم ماڵتان ئاوا، وا كاروان دەگات، بەڵام كاروانچییەكان جگە لە خۆشەویستیی، خۆنەویستیی، خۆبەخشیی، خەمخۆریی، شتێكی تریان هەڵنەگرتووە، چونكە تەنها شتە قورسەكانیان هێناوەو سوكەكانیان لە بەر سمی ئەسپەكاندا هەر لە ڕێگا فڕێداوە.