زیاتر لەشەش مانگە دەستی دەستی بە دەنگ و ئیرادەی خەڵك دەكرێت و كێشە و رێگریی بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەت دروستدەكرێت..ئەمەش سیاسەتێكی دژە دیموكراسییە كە لەلایەن پارتی و یەكێتی-ەوە بەرێوەدەبرێ، بەڕای من مەبەستی سەرەكیش لەوەدا بۆ ئەم چەند خاڵە دەگەرێتەوە:
1- بۆئەوەی خەڵك لەهەڵبژاردن بێ ئومێد بكرێن و لەو رێگەیەوە لەوە دووریانخەنەوە كە لەپرۆسە و بڕیاری سیاسیدا بەشداربن.
2- نەبوونی لانیكەمی ئامادەیی پارتی و یەكێتی بۆ دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات؛ ئەوەتا دوای (22)ساڵ لە دابەشكردنی حكومەت و بودجە و خاكی هەرێم لەنێوان خۆیاندا، ئێستا ئامادەنین تەنانەت بەشێكیش لەحكومەتەكە تەسلیم بەهێزێكی دیكە بكەن ؟!..
3- ئەمە بەڵگەی ئەوەیە كە ئیرادەی چاكسازیی لای ئەو دوو هێزە بوونی نییە، بۆیە ئامادەنین لەدەرەوەی سیاسەتە شكستخواردووەكەی خۆیان، مل بۆ بەرنامەیەكی دیكە بدەن كە ئامانجی چاكسازیی و گۆڕینی سیستمە حزبیەكەی ئەوان بێت.
4- بۆئەوەیانە ئەنجامی هەڵبژادنەكەی (21/9) لەگەڵ ئەنجامی هەردوو هەڵبژاردنەكەی داهاتوو (30/4)، وەك یەك پاكێج مامەڵەی لەگەڵدا بكەن و بەپێی ئەوە پۆستەكانی بەغدا و هەولێر بخەنە سەودای حزبییەوە.
بۆیە باشترین وەڵام بۆ مایەپووچكردنی ئەو سیاسەتە نادیموكراتیانەیەی پارتی و یەكێتی، ئەوەیە كە خەڵك مافی دیموكراتیانەی خۆی مومارەسە بكات و ئازادانە و بە ویژدانەوە دەنگ بدات و گوێ بە هەڕەشە و بەشینەوەی ئەو هەموو پارەیە نەدات كە لەئەساسدا هی خۆیانە و لێیان دزراوە.