ئەو بارودۆخەی ئێستا هەرێمی کوردستانی تێدایە، هەر لەژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانەوە تا دەگاتە کێشەو قەیرانەکان، ئەو دۆخەیە کە دەمێکە ئەگەری رودانی دەکرێ و لێرەولەوێ باسی لێوەدەکراو هەموی بەو ئاراستەیە بون دۆخەکە بەمشێوەیە نەبێت، بەڵام دواجار ئەوە ئەنجامەکەیەتی کە لە دیارترینیان بڕینی قوتی خەڵکی لێکەوتەوە.
هەرچەندە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 21ی ئەیلول بەهۆی فشارەکان و بێدەنگ نەبونی خەڵک بوە ئەمری واقیع و هاوکێشە سیاسییەکە گۆڕا. بەڵام لەبری ئەوەی ببێتە وانەیەک بۆ دەسەڵات، ئەمجارە بێ رەحمانەتر کەوتنە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانیان و بێگوێدانە دەنگی خەڵک و ئەو واقیعەی دروستبوە، گەمەیەکی تر بە چارەنوسی خەڵکەوە دەکەن. ئەوەتا بەمەبەست پێکهێنانی حکومەت دوادەخەن بۆ ئەوەی خەڵک نائومێد بکەن بەو مانایەی دەنگدان و دەنگنەدانیان هەروەک یەکە، زۆرترین هەوڵیان بەو ئاراستەیەیە کەمترین دەسەڵاتەکانیان لەدەست بدەن، دوای ئەوەی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن خواستی خۆیان بۆ بەشداریکردن لەدەسەڵات پیشاندا.
لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا، گەمە سیاسییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بەجۆرێک خەریکە میللەت دەخەنە بەردەم چارەنوسێکی نادیار. ئەگەر لە پێکهێنانی حکومەتەوە بڕوانین، ئەوە پارتییە هۆکاری سەرەکی پێکنەهێنانی حکومەت و سودمەندی سەرەکییە. کە جگەلەوەی باسمان کرد، بەشێکیشی پەیوەندی بەو پرسانەوە هەیە کە بەلای پارتییەوە تایبەتین، لەسەرویانەوە پرسی نەوت و گرێبەستەکان و پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ دەرەوە.
دەکرێت رێککەوتنەکەی 30ی حوزەیرانی ساڵی رابردویان لەگەڵ یەکێتی، بۆ درێژکردنەوەی ویلایەتی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆکی هەرێمدا بە دەستپێکی دیارترین گەمەکانی پارتی دابنێین، وەک چۆن پێشتر گرێی دەستوریان دروستکرد کە گەمەکردنێک بو ئامانجەکەی پرسی خۆ کاندیدکردنەوەی بارزانی و مەسەلەی سەرۆکایەتییەکەی بو.
ئێستاش گەمەکە شەڕی نەوتە، پارتی ئەم هەرێمەی بەناوی شەڕی نەتەوەییەوە بەرامبەر بەغدا، خستوەتە بەردەم چارەنوسێکی نادیار و بێ گەڕانەوە بۆ رای گشتی و یاری بە چارەنوس و قوتیانەوە دەکات، ئەوەتا سێ مانگە قەیرانێکی نوێی لەگەڵ بەغدا خولقاندوەو لەو رێگەیەوە دەیەوێ، باڵادەستی خۆی بسەپێنێت و هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەش باجەکەی دەدەن.
سیاسەتەکانی پارتی ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە، کە گەمەیەکی ترسناکەو موجازهفهیهكی گەورەیە بەکوردو خەڵکی کوردستانەوە دەیکات، لەکاتێکدا کۆنتڕۆڵی تەواوی جومگە هەستیارەکانی دەسەڵات و مەلەف و پرسەکانی پەیوەست بە ناوەوەو دەرەوەی هەرێمی کردوە، بەوەش سودمەندی یەکەمە لە پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەت. بۆیە پێویستە لایەنە سیاسیەکان هەڵوەستەی لەسەر بکەن و بێدەنگی بشکێنن.
ئەوەی جێی خۆشحاڵیشە، خەڵک گۆڕاوە.. هۆشیاریان بەجۆرێکە کە چیتر ئەوەی قبوڵ نیەو 21ی ئەیلولیش سەلماندی کە سەنگی مەحەکە.