هونەرمەندێكی شێوەكار كه خهڵكی گهرمیانه، دوای لە دەستدانی هەر دوو دەستی بە قاچەكانی نیگاركێشی دەکا، ئهمرۆش لە شاری سلێمانی لە پێشانگەیەکدا تابلۆکانی نمایشکرد. پێشانگەکە لەسەر ئەرکی یەكێتیی كەمئەندامانی كوردستان بە هاوكاریی گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان بەڕێوەچوو، ههروهها تابلۆکان لەبەردەم نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان نیشاندران. هونەرمەندی شێوەكار ئاراس عوسمان، ناسراو بە ئاراس گەرمیانی، بەهۆی مین و تەقەمەنی، هەردوو دەست و گوێچكەیەكی لە دەستداوە و ئێستا ئەو نوێنەری ڕێكخراوی یەكێتیی كەمئەندامانی كوردستانە لە ناوچەی گەرمیان. ئاراس دانیشتووی شارۆچكەی ڕزگارییە لەرۆژئاوای شاری کەلار و ماوەی پێنج ساڵە، خەریکی كاری نیگار كێشییە. نیگاركێشیی گەرمیانی، جیاوازە لەنیگاركێشەكانی دیکە، چونکە ئەو لە بری دەستی، بە قاچەكانی كاری نیگار كێشی دەكا. ئەو هونەرمەندە دەڵێ: "تائێستا پێنج پێشانگەی بۆ بەرهەمەكانی كردۆتەوە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان". گەرمیانی لەبارەی نیگەرەكانی بۆ ئاژانسی ئهنادۆڵ وتی:"دەستكردن بە كاری نیگاركێشی، بۆ من كارێكی زۆر قورس بوو بەهۆی ئەوەی هەردوو دەستم نەماوە. وتیشی: "سەرەتای دەستكردن بەكاری نیگاركێشی، زۆر بێزار و بێتاقەتی کردم، بەڵام دوای ماوەیەك لەڕێی قاچەكانمەوە لەگەڵ كارەكەدا ڕاهاتم، بە جۆرێك ئێستا لە ماوەی سێ سەعات تا دوو ڕۆژ، وێنە و تابلۆ دەكێشێم." وێنەكانی ئەو هونەرمەندە كەمئەندامە زیاتر ئاماژەن بۆ سروشتی كوردستان و ئەو نەهامەتییانەی بەسەر گەلی كورددا هاتوون، لە نیگارەكانیشیدا زیاتر بۆیەی زەیتی بەكاردێنێ.