لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی: رژێمی سوریا برسیه‌تی وه‌كو چه‌ك به‌كارده‌هێنێت
-
پێشڕه‌وی سوپای سوریا له ریفی حومس به‌رده‌وامه و ئۆپۆزسیۆن دوایین سه‌نگه‌ره‌كانیان له حومس له ده‌ست ده‌دات و رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تیش رژێمی سوریا به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كات كه برسی كردنی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی وه‌كو چه‌كێك له دژی خه‌ڵكی سوریا به‌كار ده‌هێنێت.
هێرشه‌كانی سوپای سوریا و حزبۆڵای لوبنان له ریفی حومس به‌رده‌وامه و دوای كۆنترۆڵكردنی شارۆچكه‌ی زاره له ئێستادا ده‌شتی حهولهیان له ریفی حومس كۆنترۆڵكردوه و له ئێستادا قه‌ڵای حه‌سن كه دواین سه‌نگه‌ری ئۆپۆزسیۆنه له ریفی حومس گه‌مارۆ دراوه و پێشبینی ده‌كرێت به‌م نزیكانه كۆنترۆڵ بكرێت، هاوكات پاش چه‌ندین مانگ له رفاندنیان 12 راهیبهكهی مه‌علولا له به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی بڕێك پاره و ئازاد كردنی 150 چه‌كداری سه‌ر به گروپه‌كانی ئۆپۆزسیۆندا ئازاد كران.
له لایه‌كی دیكه‌وه رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی له به‌یاننامه‌یه‌كدا هۆشداریدا سیهبارهت به روودانی كاره‌ساتی مرۆیی له كامپی یه‌رموك و رژێمی ئه‌سه‌دی به‌وه تۆمه‌تبار كرد كه برسیه‌تی وه‌كو چه‌كێك له دژی خه‌ڵك به‌كار هێناوه و تا ئێستا 128 ئاواره‌ی فه‌له‌ستینی له كامپی یه‌رموك گیانیان له ده‌ستداوه و نزیكه‌ی 20 هه‌زار كه‌سیش ژیانیان له مه‌ترسیدایه.