-
پەرلەمانی هەرێمی کریمیا لە ئۆکرانیا، جاڕنامەی سەربەخۆیی هەرێمەکەی پەسەند کرد.
بەپێی راگهیاندراوێكی پەرلەمانی کریمیا، ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ساز کردووە و تێیدا گفتوگۆ لەسەر جاڕنامەی سەربەخۆیی کریمیا کراوە، پەرلەمان بە ٧٨ دەنگ بۆ ریفراندۆمی ١٦ی ئهم مانگهی پەسەندی کردووە.
له ناوەڕۆکی جارنامەی سەربەخۆیی کریمیا هاتووه: "ئەگەر بێتو لە ریفراندۆمی ١٦ی ئەم مانگە راستەوخۆ خەڵکی کریمیا دەنگ بە جیابوونەوەی کریمیا لە ئۆکرانیا بدا بۆ چوونە پاڵ روسیا، ئەوا کریمیا وەکو کۆمارێکی سەربەخۆ رادەگەیەنرێ، کۆماری کریمیا کۆمارێکی دیموکراتی، عەلمانی و فرە پێکھاتە دەبێ. بەڵێنی پاراستنی ئاشتی و ئارامی ناوخۆیی دەدا".
ههروهها نوسراویشه، : "کۆماری کریمیا وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەریی، بەپێی ئەنجامی رێفراندۆم لە چوارچێوەی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکاندا دەبێتە بەشێکی فیدراڵ لە فیدارسیۆنی روسیا. بە پشت بەستن بە پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی مافی چارەنووسی گەلان و پەیمانەکانی دیکە، ھەروەھا بە پشت بەستن بە بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی لەبارەی سەربەخۆیی کۆسۆڤۆ، مافی خەڵکی کریمیایش ھەیە بۆ خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکا و سەربەخۆیی خۆی رابگەینێ".
بێجگە لە پەرلەمانی کریمیا، ئەنجومەنی شاری سیڤاستۆپۆل-یش ئەو جاڕنامەیەی پەسەند کردووە.
لە لایەکی دیکە ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا پێیانوایە بڕیاری پەرلەمانی کریمیا بۆ جیابوونەوە لە ئۆکراینا، بڕیارێکی نایاساییە.