Print WWW.KNNC.NET
 ده‌قی راپۆرتی ژوری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئابوری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ر پرۆژه‌ی نابۆكۆ
3/10/2014 11:51:26 AM

ئه‌مڕۆ 10ی ئازاری 2013، ژوری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئابوری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تیان له‌سه‌ر پرۆژه‌ی نابۆكۆ بۆ گواستنه‌وه‌ی به‌رهه‌می غازی سروشتی بۆ بازاڕه‌كانی جیهان و ئه‌وروپا و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر دۆخی سیاسی و ئابوری هه‌رێم بڵاوكرده‌وه‌.

هه‌رێمی‌ كوردستان ناوچه‌یه‌كی‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ غازی‌ سروشتی‌. یه‌ده‌گی‌ غازی‌ سروشتی‌ له‌ هه‌رێمدا 2.8 بۆ 5.7 ترلیۆن مه‌تر سێجایه‌‌و له‌ ڕیزبه‌ندی‌ جیهانیدا له‌نێوان 8 بۆ 13 هه‌مدایه‌ و له‌ هه‌رسێ‌ كێڵگه‌ی‌ میران‌و گه‌رمیان‌و كۆرمۆر دۆزراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ له‌ ئێستادا به‌رهه‌می‌ هه‌یه‌، كێڵگه‌ی‌ كۆرمۆره‌، كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی‌ هیلال‌و داناغاز‌و كاریان تێدا ده‌كرێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌؛ "ئه‌گه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان توانی‌ ببێته‌ دابینكارێكی‌ غازی‌ ئه‌وروپا له‌رێگه‌ی‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌وه‌، ئه‌وا جگه‌ له‌ سودو به‌ها ئابورییه‌كانی‌، پاڵپشتێكی‌ گه‌وره‌ی‌ سیاسی‌ به‌ده‌ستده‌هێنێت، به‌ڵام له‌ ئاوها دۆخێكدا هه‌رێم به‌ته‌نیشت په‌یداكردنی‌ دۆسته‌ ئه‌وروپییه‌كانی‌، دوژمنایه‌تییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ‌ ناوه‌نددا ده‌مه‌زه‌رد ده‌كاته‌وه‌‌و پێشبینیده‌كرێت كه‌ كێشه‌كان قوڵتر بنه‌وه‌و دریژه‌كێشتر بن".

حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی‌ ڕه‌سمی‌ له‌ ساڵی‌ 2010 هه‌وڵه‌كانی‌ خۆی‌ چڕكردۆته‌وه‌ تا ببێته‌ به‌شێك له‌ پرۆژه‌ی نابۆكۆ ‌و غازی هه‌رێمی كوردستان هه‌نارده‌ی ئه‌وروپا بكرێت، به‌پێی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (RWE) ئه‌ڵمانی ئیمزای كردوه‌، كۆمپانیای ناوبراو هاوكاریی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات له‌ دابه‌شكردن‌و گواستنه‌وه‌ی غازی سروشتی به‌مه‌به‌ستی به‌كارهێنانی له‌ناوخۆی هه‌رێم‌و هه‌نارده‌كردنی بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا.


ده‌قی راپۆرته‌كه‌ لێره‌ ببینه‌:



بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان
ژوری‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ ئابوری‌


هێڵی‌ نابۆكۆ...
 ده‌روازه‌یه‌كی‌ نوێ‌ به‌ رووی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا



شوباتی‌ 2014



كورته‌یه‌ك:
وا چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌ ساڵی‌ 2015دا ئه‌وروپا تووشی‌ كورتهێنان ببێت له‌ به‌رهه‌می‌ غازدا، هه‌ربۆیه‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا هه‌وڵی‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ دیكه‌ له‌ جێگه‌ی‌ رووسیا ده‌دات.
نابوكۆ پرۆژه‌یه‌كی‌ پێشنیاركراوی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ غازه‌ له‌نێوان ئاسیاو ئه‌وروپادا كه‌ ئه‌گه‌ر جێبه‌جێبكرێت له‌ ساڵی‌ 2014دا گواستنه‌وه‌ی‌ غاز ده‌ستپێده‌كات. ئه‌م پرۆژه‌یه‌ به‌ ئامانجی‌ كه‌متر پشتبه‌ستن به‌ غازی‌ رووسیا‌و كردنه‌وه‌ی‌ هێڵێكی‌ نوێیه‌ له‌ ئاسیاوه‌ بۆ ئه‌وروپا، ئه‌وه‌ش له‌ پێناو پاراستنی‌ ئاسایشی‌ غازه‌ بۆ وڵاته‌ ئه‌وروپییه‌كان‌و پاراستنیانه‌ له‌ كارته‌ تۆقێنه‌ره‌كانی‌ روسیا.
شاره‌زایان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ زۆرجار رووسیا سه‌رچاوه‌ غازییه‌كه‌ی‌ به‌مه‌به‌ستی‌ سیاسی‌‌و بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر ئه‌وروپا به‌كارده‌هێنێت. ئه‌م پرۆژه‌یه‌ به‌ (پرۆژه‌ی‌ بۆری‌ غازی‌ توركیا – نه‌مسا)ش ناوده‌برێت. پرۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند وڵاتێكی‌ ناو رێكخراوی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپاو ئه‌مریكاوه‌ پشتگیری‌ لێده‌كرێت.
جێبه‌جێكارانی پرۆژه‌ی نابۆكۆ له‌ئێستادا بریتین له‌ كۆمپانیاكانی (ئا. ده‌بلیو. ئه‌ی)ی‌ ئه‌ڵمانی‌و (ئۆ. ئێم. ڤی) نه‌مساوی‌و (ئێم. ئۆ. ئێل)ی مه‌جه‌ڕی‌و ترانس غازی ڕۆمانی‌و به‌ل غاز ڤازی بولگاری‌و بۆتاشی توركی.
ئه‌م پرۆژه‌یه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ چه‌ندین كێشه‌ی‌ رووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه‌، یه‌كه‌مین كێشه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رهه‌می‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ته‌نیا بۆ چه‌ند وڵاتێكه‌ له‌ باشووری‌ خۆرهه‌ڵات‌و ناوه‌ندی‌ ئه‌وروپا نه‌ك گشت ئه‌وروپا. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات پشتگیری‌ ته‌واوی‌ رێكخراوی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا بۆخۆی‌ به‌ده‌ستناهێنێت.
ته‌نانه‌ت دوورنیه‌ ناكۆكی‌ بخاته‌ نێو وڵاتانی‌ یه‌كێتییه‌كه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌یه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ رووسیا هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ دژایه‌تی‌ پرۆژه‌كه‌ ده‌كات‌و هه‌وڵده‌دات به‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ به‌دیل بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ غاز له‌ وڵاته‌كه‌ی‌ خۆیه‌وه‌ نابوكۆ له‌بارببات، بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ندین هه‌نگاوی‌ ناوه‌‌و هه‌وڵیداوه‌ پرۆژه‌ی‌ "شه‌پۆلی‌ باشوور" گشتگیر بكات‌و وڵاتانی‌ پرۆژه‌ی‌ نابوكۆو ده‌ره‌وه‌ی‌ نابوكۆش بۆ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ رابكێشێت.
یه‌كێك له‌ كێشه‌كانی‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی‌ ده‌بنه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ دابینكردنی‌ غاز زۆر كه‌من، بۆ نمونه‌ تا ئێستا وڵاتی‌ ئازه‌ربایجان به‌ فه‌رمی‌ ئاماده‌یی‌ خۆی‌ بۆ دابینكردنی‌ غاز بۆ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ده‌ربڕیوه‌. حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش ده‌یه‌وێت ببێته‌ به‌شێك له‌و پرۆژه‌یه‌و وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ دابینكردنی‌ غاز له‌و پرۆژه‌یه‌دا به‌شداریبكات.
     نابۆكۆ ‌و هه‌رێمی‌ كوردستان
حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی‌ ڕه‌سمی‌ له‌ ساڵی‌ 2010 هه‌وڵه‌كانی‌ خۆی‌ چڕكردۆته‌وه‌ تا ببێته‌ به‌شێك له‌ پرۆژه‌ی نابۆكۆ ‌و غازی هه‌رێمی كوردستان هه‌نارده‌ی ئه‌وروپا بكرێت.
به‌پێی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (RWE) ئه‌ڵمانی ئیمزای كردوه‌، كۆمپانیای ناوبراو هاوكاریی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات له‌ دابه‌شكردن‌و گواستنه‌وه‌ی غازی سروشتی به‌مه‌به‌ستی به‌كارهێنانی له‌ناوخۆی هه‌رێم‌و هه‌نارده‌كردنی بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا. ئه‌مه‌ش سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ كۆمپانیاكه‌یان خولی راهێنان بۆ كرێكارانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه‌‌و له‌گه‌ڵ هه‌ردوو كۆمپانیای (دانه‌ غاز‌و نه‌فت هیلالی) ئیماراتی به‌شداریی له‌ په‌ره‌پێدانی كێڵگه‌كانی غاز له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، له‌ قۆناغی دوومیشدا به‌رهه‌مهێنانی غاز بۆ خستنه‌گه‌ڕی وێستگه‌كانی كاره‌با‌و پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستی هاوڵاتیان به‌كارده‌هێنرێت، له‌ قۆناغی سێیه‌میشدا ئه‌و بڕه‌ غازه‌ی كه‌ زیاد ده‌بێت له‌ پێداویستی ناوخۆ، هه‌نارده‌ی ولاتانی ئه‌وروپا ده‌كرێت.
ئاشتی‌ هه‌ورامی‌ وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتیه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ته‌موزی‌ 2010 ڕایگه‌یاند "هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ئاینده‌دا غازی‌ سروشتی‌ خۆی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ پرۆژه‌ی‌ نابۆكۆ هه‌نارده‌ی‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا ده‌كات، ئه‌گه‌ر وڵاتانی‌ دیكه‌ی‌ وه‌ك بیلاڕوسیا ‌و ڕوسیا كێشه‌كانیان ڕێگری‌ له‌هه‌نارده‌كردنی‌ غازی‌ سروشتی‌ بۆ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا بكات یاخود نه‌كات، هه‌رێم له‌كاتی‌ خۆیدا به‌شی‌ دیاریكراوی‌ خۆی‌ له‌غاز هه‌نارده‌ی‌ ئه‌وروپا ده‌كات".
درێژی هێڵی‌ نابۆكۆ (3300) كیلۆمه‌تره‌‌و (2000) كیلۆمه‌تری به‌ باكووری كوردستاندا تێده‌په‌رێت، توركیاش داوای له‌ (15%)ی‌ ئه‌م غازه‌ی هه‌رێم ده‌كات، كه‌ به‌ خاكه‌كه‌یدا تێده‌په‌رێت، كه‌ بڕیاره‌ له‌ ئاینده‌دا ئه‌م هێڵه‌ی هه‌رێم ته‌واوبكرێت‌و غاز به‌ بازاڕه‌كانی ئه‌وروپا بگات.
دوای‌ یه‌ك مانگ له‌و لێدوانه‌ی‌ ئاشتی‌ هه‌ورامی‌‌و له‌ 23ی‌ ئابی‌ 2010دا ئه‌نجومه‌نی‌ كۆمپانیا به‌شداربووه‌كانی‌ پرۆژه‌ی‌ هێڵی‌ بۆری‌ غازی‌ سروشتی‌ "نابۆكۆ" كه‌ ناسراوه‌ به‌ "كۆنسرتیۆم" له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند: كۆنسرتیۆم بڕیاریداوه‌ كه‌ به‌رده‌وامبێت له‌سه‌ر بنیاتنانی‌ هه‌ردوو بۆری‌ هێڵی‌ غازی‌ سروشتی‌ عیراق "هه‌رێمی‌ كوردستان" ‌و جۆرجیا بۆ توركیا.
به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ ئاشتی‌ هه‌ورامی‌ وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان‌ خۆشحاڵی‌ خۆی‌ نیشاندا‌و ڕایگه‌یاند "وه‌زاره‌ته‌كه‌یان پاڵپشتی‌ له‌ پرۆژه‌ی‌ نابۆكۆ ده‌كات، چونكه‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ گرنگه‌ بۆ لایه‌نی‌ ئابووری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ‌و عیراق".
هه‌ورامی‌ هه‌روه‌ها وتی‌: "هه‌نارده‌كردنی‌ غازی‌ سروشتی‌ هه‌رێم له‌ ڕێگه‌ی‌ هێڵی‌ بۆری‌ غازی‌ نابۆكۆ بۆ توركیا ‌و له‌وێشه‌وه‌ بۆ ئه‌وروپا، ڕۆڵی‌ به‌رچاوی‌ ده‌بێت، بۆ دابینكردنی‌ به‌شێك له‌ وزه‌ی‌ جیهانی‌ ‌و زۆركردنی‌ داهاتی‌ خۆمان ‌و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی‌ عیراق"، هاوكات هێمای‌ به‌وه‌شكرد، داهاتی‌ غازی‌ سروشتی‌ هه‌رێم هاوشێوه‌ی‌ داهاتی‌ نه‌وتی‌ خاو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی‌ حكومه‌تی‌ به‌غدا.
وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، ڕێژه‌ی‌ به‌رهه‌می‌ غازی‌ سروشتی‌ هه‌رێم زیاتره‌ له‌ پێویستی‌ ناوخۆیی‌، كه‌ له‌ ئێستادا له‌پرۆژه‌كانی‌ كاره‌با ‌و چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی‌ دیكه‌دا به‌كارده‌برێت، بۆیه‌ هه‌نارده‌كردنی‌ زیاده‌ی‌ غازی‌ سروشتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ڕێگه‌ی‌ پرۆژه‌ی‌ نابوكۆوه‌، سوودی‌ گه‌وری‌ ده‌بێت بۆ بواری‌ ئابووری‌ هه‌رێم ‌و عیراقیش. به‌ڵام تا ئێشتا به‌غدا هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی‌ پۆزه‌تیڤی‌ بۆ لێدوانه‌كه‌ی‌ هه‌ورامی‌ نه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ له‌ حاڵه‌تی‌ جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌كه‌دا كێشه‌یه‌كی‌ دیكه‌ی‌ هاوشێوه‌ی‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان له‌نێوان حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و به‌غدا دروستبێت.
یه‌كێك له‌و به‌ربه‌ستانه‌ش كه‌ حكومه‌تی‌ عێراق هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ زاری‌ حسێن شه‌هرستانی‌ وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ عێراقه‌وه‌ ڕایگه‌یاند "راگرتنی‌ رێكه‌وتننامه‌ی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ عێراقه‌ له‌ ڕێگه‌ی‌ به‌نده‌ری‌ جیهانی‌ توركیه‌وه‌، ئه‌گه‌ر توركیا ڕێگه‌بدات نه‌وتی خاو و غازی هه‌رێمی كوردستان بۆ هێڵی نابۆكۆ هه‌نارده‌ بكرێت".
ده‌رباره‌ی‌ پرۆژه‌كه‌‌و گرنگی‌ بۆ كوردستان شاره‌زایان پرۆژه‌كه‌ به‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ "زۆر گرنگ" بۆ عێراق‌و كوردستان له‌قه‌ڵه‌مده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ نه‌شارنه‌وه‌ كه‌ هه‌رێم یه‌كلایه‌نه‌ ناتوانێت به‌شداری‌ له‌ پرۆژه‌كه‌دا بكات‌و به‌بێ‌ ره‌زامه‌ندی‌ به‌غدا، دوورنیه‌ كێشه‌ بۆ به‌شداریكردنی‌ هه‌رێم له‌و پرۆژه‌یه‌دا درووستبێت‌و ئه‌وان بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی‌ قسه‌كانیان ئاماژه‌ به‌ رووداوه‌كانی‌ ناردنه‌وه‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم‌و گرێبه‌سته‌كانی‌ ده‌كه‌ن كه‌ چۆن بۆته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ كێَشه‌ له‌ نێوان هه‌رێم‌و ناوه‌نددا.
به‌پێی‌ وته‌یه‌كی‌ ئاشتی‌ هه‌ورامی‌ وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش كه‌ له‌سه‌روبه‌ندی‌ قسه‌كردن له‌ پرۆژه‌كه‌دا باسی‌ لێوه‌كرد، كوردستان ده‌توانێت ساڵانه‌ 20 ملیار مه‌تر سێجا غاز بۆ هێڵه‌كه‌ دابینبكات.
هه‌رچه‌نده‌ لێدوانه‌كان باس له‌ بوونی‌ رێككه‌وتنێكی‌ ماوه‌ درێژ ده‌كه‌ن، به‌ڵام هیچ هه‌نگاوێكی‌ كۆنكرێتی‌ ئه‌وتۆ بۆ داهاتووی‌ دۆسیه‌كه‌ دیارینه‌كراوه‌. ئه‌م پرۆژه‌یه‌ له‌ پێشتردا كێشه‌ی‌ نه‌بوونی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ پێویستی‌ غازی‌ هه‌بوو. ئێرانیش به‌رده‌وام گره‌و له‌سه‌ر شكستی‌ پرۆژه‌كه‌ ده‌كات، به‌ڵام بڕی‌ ئه‌و غازه‌ی‌ كه‌ بڕیاره‌ له‌ توركیاوه‌ به‌ڕێ‌ بكرێت ساڵانه‌ 31 ملیار مه‌تر سێجایه‌و هه‌رێمی‌ كوردستانیش، (20) ملیار مه‌تر سێجای‌ غازی‌ پرۆژه‌كه‌ دابینده‌كات، ئه‌مه‌ش به‌ مانای‌ ئه‌وه‌ دێت كه‌ 3/2 ئه‌و غازه‌ی‌ له‌ رێی‌ بۆرییه‌ غازه‌كانی‌ توركیاوه‌ ده‌ڕوات، له‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ ده‌بێت‌و به‌وه‌ش هه‌رێم ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین دابینكاره‌كانی‌ غازی‌ پرۆژه‌كه‌.
كۆمپانیای‌ هێڵه‌ غازییه‌كانی‌ توركیا (بوتاش) ڕایگه‌یاندووه‌ "گواستنه‌وه‌ی‌ غازی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ عیراق پێداویستییه‌كانی‌ هێڵی‌ نابۆكۆ پڕده‌كاته‌وه‌، تا بتوانرێت له‌ ساڵی‌ 2014دا غاز بگه‌یه‌نرێته‌ ئه‌وروپا‌و هه‌ردوو كۆمپانیای‌ (ئۆ. ئێم. ڤی‌) نه‌مساوی‌‌و (ئێم. ئۆ. ئێڵی‌) مه‌جه‌ری‌ جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌كه‌یان له‌ ئه‌ستۆدایه‌، به‌جۆرێك كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ڕۆژانه‌ 1,5 ملیار چوارگۆشه‌ غاز ده‌گه‌یه‌نێته‌ پرۆژه‌كه‌‌و هه‌ردوو كۆمپانیای‌ (دانه‌ غاز، هیلالی ئیماراتی) كاری‌ دابینكردنی‌ غازه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن".


به‌رهه‌می‌ غاز له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان


 
هه‌رێمی‌ كوردستان ناوچه‌یه‌كی‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ غازی‌ سروشتی‌. یه‌ده‌گی‌ غازی‌ سروشتی‌ له‌ هه‌رێمدا 2.8 بۆ 5.7 ترلیۆن مه‌تر سێجایه‌‌و له‌ ڕیزبه‌ندی‌ جیهانیدا له‌نێوان 8 بۆ 13 هه‌مدایه‌.
غازی‌ سروشتی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا له‌ هه‌رسێ‌ كێڵگه‌ی‌ میران‌و گه‌رمیان‌و كۆرمۆر دۆزراوه‌ته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ له‌ ئێستادا به‌رهه‌می‌ هه‌یه‌، كێڵگه‌ی‌ كۆرمۆره‌، كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی‌ هیلال‌و داناغاز‌و كاریان تێدا ده‌كرێت.
كۆمپانیای‌ هیلال كه‌ كار له‌ كێڵگه‌ی‌ غازی‌ كۆرمۆر ده‌كات پێی‌ وایه‌: ده‌توانێت له‌ ساڵی ‌(2014)دا، رۆژانه‌ سێ ملیار پێ چوار گۆشه‌ غاز به‌رهه‌م بهێنێت، له‌كاتێكدا پڕۆژه‌ی‌ نابۆكۆ ئه‌گه‌ر سه‌ربگرێت، له‌ سه‌ره‌تادا پێویستی‌ به‌ یه‌ك ملیار و (500) ملیۆن پێ سێجا هه‌یه‌ له‌ رۆژێكدا.
كۆمپانیای‌ هیلال‌و كۆمپانیای‌ داناغاز له‌ 8ی‌ ئابی‌ 2012 ڕایانگه‌یاند: تێكڕای‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ غاز له‌ پڕۆژه‌كانیان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان گه‌یشتۆته‌ 70 هه‌زار به‌رمیل له‌ ڕۆژێكدا، دوای‌ وه‌به‌رهێنانی‌ نزیكه‌ی‌ یه‌ك ملیار دۆلار. به‌رهه‌مه‌كه‌ش بریتیه‌ له‌ 330 ملیۆن پێ‌ سێجا غاز‌و 15 هه‌زار به‌رمیل كۆندێنسه‌یتی‌ شل له‌ ڕۆژێكدا.
له‌ سه‌ره‌تای‌ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ له‌ ئۆكتۆبه‌ری‌ 2008 تا ئابی‌ 2012 هه‌ردوو كۆمپانیا پتر له‌ (249) ملیار پێ‌ سێجا غاز‌و 11,7 ملیۆن به‌رمیل كۆندێنسه‌یتی‌ شلیان به‌رهه‌مهێناوه‌.
هه‌رچی‌ كیڵگه‌ی‌ غازی‌ میرانه‌، كه‌ خاوه‌نی‌ 10.5 ترلیۆن پێ‌ سێجا غازی‌ سروشتیه‌، له‌ ئێستادا له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی‌ (گه‌نه‌ڵ ئینرجی‌ توركی‌‌و هێرته‌یجی‌ به‌ریتانی‌)‌وه‌ كاری‌ تێدا ده‌كرێت. ئه‌م كێڵگه‌یه‌ش له‌ داهاتوودا غازی‌ سروشتی‌ بۆ توركیا دابینده‌كات.
له‌ ئێستادا 2 وێستگه‌ی‌ كاره‌با به‌ پشتبه‌ستن به‌ گازی‌ سروشتی‌ له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ چه‌مچه‌ماڵ‌و خورمه‌له‌ هه‌یه‌‌و (1500) میگاوات كاره‌با به‌رهه‌مده‌هێنن. جگه‌ له‌ گه‌یاندنی‌ گازی‌ سروشتی‌ به‌ وێستگه‌ی‌ دهۆك، بۆ به‌رهه‌مهێنانی‌ (500) مێگاوات كاره‌با.
به‌پێی‌ پلانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وا بڕیاره‌ تا ساڵی‌ 2015 سێ‌ وێستگه‌ی‌ دیكه‌ی‌ كاره‌با كه‌ به‌ غازی‌ سروشتی‌ كارده‌كه‌ن دابمه‌زرێن:
    وێستگه‌ی‌ هه‌ولێر یه‌ك هه‌زارو 500 مێگاوات.
    وێستگه‌ی‌ سلێمانی‌ 2 هه‌زار مێگاوات.
    وێستگه‌ دهۆك یه‌ك هه‌زارو 500 مێگاوات.
به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ كاره‌با به‌ گازی‌ سروشتی‌ ده‌گاته‌ (7000) میگاوات، له‌ كاتێكدا پێویستی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ كاره‌با نزیكه‌ی‌ (4000) میگاواته‌ له‌ ئێستادا.
هه‌رچی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ نرخی‌ غازی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌یه‌، كۆمپانیای (Invest in Group LLC) له‌ ڕاپۆرتێكیدا له‌ ساڵی‌ 2013 كه‌ به‌هاوكاری په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بڵاوده‌كرێته‌وه‌‌و به‌ The Review  ناسراوه‌، ئاماژه‌ی به‌نرخی گازی كوردستان كردوه‌ كه‌ هه‌ر 1000 مه‌تر سێجایه‌ك به‌نرخی 200 بۆ 250 دۆلار ده‌درێته‌ توركیا، له‌كاتێكدا به‌وته‌ی رۆژنامه‌ی توده‌ی زه‌مان هه‌مان رێژه‌ی گاز ساڵی رابردوو توركیا بڕی 500 دۆلاری پێداوه‌.
سایتی عێراق ئۆیڵ ریپۆرت كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانی‌ له‌لایه‌ن زۆر له‌به‌رپرسانی نه‌وت‌و گازی عێراق‌و كوردستان‌و كۆمپانیا بیانیه‌كانه‌وه‌ ده‌خوێنرێته‌وه‌، رونیكردۆته‌وه‌ كه‌ نرخی ئه‌و گازه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌یفرۆشێت به‌توركیا به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌متره‌ له‌نرخی گازی وڵاتانی ئێران‌و روسیا.
پرۆفیسۆر گۆنۆڵ تۆڵ له‌زانكۆی جۆرج واشنتن ئاشكرای‌ ده‌كات: ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ی له‌نێوان توركیا‌و هه‌رێمی كوردستان بۆ رێككه‌وتنه‌كه‌ی وزه‌ی 25 مارسی 2013 دارێژراوه‌، چه‌ند بڕگه‌یه‌كی تایبه‌تی تێدایه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌دات به‌ توركیا له‌سه‌ر دانانی نرخی گازی كوردستان.


چاره‌نوسی‌ هێڵی‌ نابۆكۆ
تا ئێستا رووسیاو ئێران چه‌ندینجار دووپاتیان كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ پرۆژه‌ی‌ نابوكۆ سه‌ركه‌وتوو نابێت، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌كه‌وه‌ له‌به‌ر ركابه‌ریكردنی‌ غازی‌ رووسیاو له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ له‌به‌ر به‌شداری پێنه‌كردنی‌ ئێران له‌و پرۆژه‌یه‌دا، به‌ڵام خاوه‌ن پشكه‌كانی‌ پرۆژه‌ی‌ نابوكۆ پێیانوایه‌ كه‌ توركمانستان‌و ئازه‌ربایجان‌و عێراق به‌سن بۆ ئه‌وه‌ی‌ هێڵه‌كانی‌ پرۆژه‌ی‌ غازی‌ نابوكۆ به‌تاڵ‌ نه‌بێت.
ئێستا پرۆژه‌ی‌ نابۆكۆ له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌رێكی‌ به‌هێزدایه‌ كه‌ ئه‌ویش یان شكستهێنانێتی‌ یان دواكه‌وتنێكی‌ بۆ ماوه‌یكی‌ نادیار، له‌بارێكدا ئه‌گه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان توانی‌ ببێته‌ دابینكارێكی‌ غازی‌ ئه‌وروپا له‌رێگه‌ی‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌وه‌، ئه‌وا جگه‌ له‌ سودو به‌ها ئابورییه‌كانی‌، پاڵپشتێكی‌ گه‌وره‌ی‌ سیاسی‌ به‌ده‌ستده‌هێنێت، به‌ڵام له‌ ئاوها دۆخێكدا هه‌رێم به‌ته‌نیشت په‌یداكردنی‌ دۆسته‌ ئه‌وروپییه‌كانی‌، دوژمنایه‌تییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ‌ ناوه‌نددا ده‌مه‌زه‌رد ده‌كاته‌وه‌‌و پێشبینیده‌كرێت كه‌ كێشه‌كان قوڵتر بنه‌وه‌و دریژه‌كێشتر بن. به‌ڵام له‌ لایه‌كیتره‌وه‌ ئه‌گه‌ر پرۆژه‌ی‌ نابۆكۆ ششكست بهێنێت یان دوا بكه‌وێت، ئه‌وا چۆن هه‌رێم بازارێكی‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ ساغكردنه‌وه‌ی‌ كاڵاو شمه‌كی‌ بیانی‌، ئاوهاش توركیا هه‌میشه‌ بازاڕێكی‌ كراوه‌یه‌ بۆ ساغبونه‌وه‌ی‌ وزه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌تایبه‌ت كه‌ به‌نرخێكی‌ ئێجگار كه‌م له‌ ده‌ستیده‌كه‌وێت، هاوكات ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ به‌هۆی‌ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ غازه‌وه‌و ئه‌نجامدانی‌ پرۆسێسی‌ غاز له‌ كوردستاندا، ژێرخانی‌ غازیی‌ هه‌رێم نیمچه‌ بوژانه‌وه‌یه‌ك به‌خۆوه‌ ببینێت‌و ئه‌لته‌رناتیڤ بۆ سوته‌مه‌نیه‌كانی‌ وه‌ك به‌نزین‌و غازوایل بدۆزرێته‌وه‌.
یه‌كێك له‌ كێشه‌ سیاسی‌و یاساییه‌كانی‌ به‌رده‌م ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ كه‌دێته‌ به‌رده‌م وڵاتانی‌ سه‌ر حه‌وزی ده‌ریای قه‌زوێن، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر حه‌وزی‌ قه‌زوین به‌ده‌ریا بێته‌ ئه‌ژماردن ئه‌وا هه‌ر وڵاته‌ ده‌بێته‌ خاوه‌نی سامانی سروشتی‌و ئاوی خۆی به‌پێی درێژی كه‌ناره‌كانی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌كو ده‌ریاچه‌ بژمێردرێ‌، ئه‌وا هه‌موو وڵاتانی حه‌وزی قه‌زوێن پێویسته‌ هه‌موو سامانی سروشتی و ئاوی ده‌ریاچه‌كه‌ له‌نێوان خۆیاندا به‌یه‌كسانی دابه‌ش بكه‌ن‌و هه‌مووان مافیان تیایدا ده‌بێت وه‌ك شه‌ریكه‌ به‌ش.
هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌شه‌ توركمانستان‌و ئازه‌ربایجان پێداگری‌ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ قه‌زوین ده‌ریایه‌ نه‌ك ده‌ریاچه‌‌و هه‌ربۆیه‌، هیچ وڵاتێكی تر مافی به‌سه‌ر سامانه‌ سروشتی و ئاوییه‌كه‌یانه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا ڕووسیا ده‌ڵێت قه‌زوێن ده‌ریاچه‌یه‌كی تازه‌ بووه‌‌و به‌هۆی هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی ئاوی ڕووباری ڤۆڵگاوه‌ دروستبۆته‌وه‌، ئه‌وه‌سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ ڕووسیا له‌ ڕووی سه‌ربازیه‌وه‌ باڵاده‌ستی ته‌واوی هه‌یه‌ به‌سه‌ر ده‌ریاكه‌دا،هه‌ربۆیه‌ ناتوانرێت به‌بێ‌ ڕه‌زامه‌ندی ڕوسیا به‌هیچ جۆرێك هێڵێكی غاز به‌ قه‌زوێندا دابمه‌زرێنرێت، ته‌نانه‌ت توركمانستان‌و ئازه‌ربایجانیش ناتوانن هیچ كێڵگه‌یه‌كی غاز له‌سه‌ر كه‌ناره‌كانیاندا پێش بخه‌ن.
 مێژووی بیرۆكه‌‌و دامه‌زراندنی پڕۆژه‌ی نابۆكۆ، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ئاماده‌باشیانه‌ی‌ كه‌له‌ شوباتی‌ 2002 دا كرا، ئه‌ویش كاتێك كه‌ گفتوگۆكان له‌نێوان كۆمپانیای OMV نه‌مساوی‌و بۆتاشی توركیدا ده‌ستیپێكرد‌و له‌ حوزه‌یرانی‌ هه‌مان ساڵدا كۆمپانیاكانی OMVنه‌مساوی‌و MOLی مه‌جه‌ری‌و بولگارغازی بورلگاریا‌و ترانسگازی ڕۆمانی‌و بوتاشی توركی واژۆیان له‌سه‌ر ڕێكه‌وتنامه‌یه‌ك كرد بۆ دامه‌زراندنی هێڵێكی بۆری نابۆكۆ.دوای ئه‌وه‌ له‌ مانگی 10/2002دا ڕێكه‌وتنێكی تر واژۆكرا‌و له‌ 12/2003دا كۆمیسیۆنی ئه‌وروپی 50% ی تێچووی گشتی چاوه‌ڕوانكراوی لێكۆڵینه‌وه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بوی ئابوری پڕۆژه‌كه‌ی دابینكرد. له‌ 28/5/2005یشدا گرێبه‌ستی شه‌ریكایه‌تی واژۆكرا له‌ نێوان ئه‌و پێنج كۆمپانیه‌ له‌ نابۆكۆدا.له‌ 26/5/2006یشدا له‌سه‌ر ئاستی وه‌زیران به‌یاننامه‌یه‌ك واژۆكرا.
له‌ 2/2008دا كۆمپانیای RWE ئه‌ڵمانیش هاته‌ ناو باسه‌كه‌وه‌و له‌ 11/6/2008یشدا یه‌كه‌م گرێبه‌ستی گه‌یاندنی غاز له‌ ئازه‌ربایجانه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی هێڵی بۆری نابۆكۆ بۆ بولگاریا ئیمزاكرا.
له‌ ئه‌نجامی ته‌نگژه‌ی غاز له‌ نێوان ڕوسیا‌و ئۆكرانیادا له‌ زستانی 2007/2008 دا ڕوسیا هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی غازی كرد له‌ ئۆكرانیا‌و ئه‌وروپای ڕۆژئاوا، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ئه‌ڵمانیا پشتگیری خۆی بۆ بیرۆكه‌ی نابۆكۆ كێشایه‌وه‌، له‌جیاتی ئه‌وه‌ ئه‌ڵمانیا ده‌ستیكرد به‌ دامه‌زراندنی پڕۆژه‌ی ئاڕاسته‌ی شین به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ ڕوسیا.
 له‌ 9/8/2008دا له‌ ئه‌نجامی جه‌نگی جۆرجیا دژ به‌ ئۆسیتیای باشور، ئاگرێكی گه‌وره‌ به‌ربوه‌ هێڵی غازی هاتو له‌ قه‌وقازه‌وه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی توركیادا‌و ماوه‌ی 2 هه‌فته‌ی خایاند تا كوژێنرایه‌وه‌.دوای ئه‌وه‌ له‌ 12/8/2008دا هێزه‌كانی ڕوسیا هه‌ستان به‌بۆردومانكردنی هه‌ر پێنج هێڵی نه‌وتی كه‌ به‌جۆرجیادا تێپه‌ڕ ده‌بێت، له‌گه‌ڵیشیدا هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی هێڵی نابۆكۆشی بۆردومان كرد.
 له‌ 8/12/2008دا جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا سه‌ردانی ئازه‌ربایجانی كرد تا ڕازیبكات بۆ قبوڵكردنی پێدانی غاز به‌ هێڵی نابۆكۆ‌و ودوای ئه‌ویش ئه‌ردۆگانی سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا سه‌ردانێكی مێژوویی كرد بۆ ئه‌رمینیا بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ڕاكێشانی هێڵی نابۆكۆ به‌ ئه‌رمینیادا له‌ جیاتی جۆرجیا كه‌ ڕوسیا بۆردومانی هێڵه‌كه‌ی كرد.
 ئیدی له‌ نێوان یه‌كێتی ئه‌وروپا و توركیا له‌لایه‌ك‌و هاندانی توركومانستان و ئازه‌ربایجان له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌سكرا به‌ وتوێژ بۆ به‌شداریكردن‌و كارئاسانیكردن بۆ سه‌رخستنی پڕۆژه‌كه‌.
له‌و میانه‌یه‌دا توركیا هه‌ڕه‌شه‌ی كشانه‌وه‌ی كرد له‌ چونه‌ ناو یه‌كێتی ئه‌وروپاوه‌ گه‌ر به‌سته‌ڵه‌كه‌كان لانه‌برێت‌و دواتریش ڕایگه‌یاند كه‌ پشتگیری له‌ ڕاكێشانی هێڵی نابۆكۆ ده‌كات‌و وه‌كو چه‌ك دژی ئه‌وروپا به‌كاریناهێنێت له‌ ته‌نگژه‌ سیاسیه‌كاندا.
 له‌ 7/1/2009دا هه‌ردوو بانكی وه‌به‌رهێنانی ئه‌وروپی EIB و بانكی دامه‌زراندن‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌وروپی EBRD ڕایانگه‌یاند كه‌ هاوكاری دارایی پێشكه‌ش به‌ پڕۆژه‌كه‌ ده‌كه‌ن‌و كۆمسیۆنی ئه‌وروپی له‌ 2009دا بڕی 250 ملیۆن یۆرۆی دا به‌ پڕۆژه‌ی هێڵی غازی نابۆكۆ. سه‌رۆكی ئازه‌ربایجانیش ڕایگه‌یاند له‌ 29/1/2009دا كه‌ هه‌وڵده‌دا به‌رهه‌می غاز چه‌ندینجار زیاد بكات.
 له‌ 12/7/2009دا وه‌زیری وزه‌ی توركیاش ڕایگه‌یاند كه‌ غازی ئه‌وروپی له‌ده‌ستی توركیادا ده‌بێت به‌پێی ڕێكه‌وتنی هێڵی نابۆكۆ‌و ده‌ستیشی هه‌ڵگرت له‌ كڕینی 15% ی ئه‌و غازه‌ كه‌ ببوه‌ ڕێگرێك له‌به‌رده‌م سه‌رگرتنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌دا.
 له‌ 13/7/2009دا توركیا و یه‌كێتی ئه‌وروپا ڕێكه‌وتنی مۆڵه‌تی پڕۆژه‌كه‌یان واژۆكرد، كه‌ غاز له‌ ئاسیای ناوه‌ڕاست‌و ڕۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاسته‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌ ئه‌وروپا له‌ ڕێگه‌ی توركیاوه‌ و به‌مه‌ش پشتبه‌ستنی ئه‌وروپا له‌سه‌ر غازی ڕوسیا كه‌م ده‌بێته‌وه‌، له‌م نێوه‌نده‌دا توركیا هه‌موو هه‌وڵێكی ده‌خاته‌ گه‌ڕ بۆ سه‌رخستنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌، چونكه‌ پێگه‌ی خۆی پته‌وتر ده‌كات له‌ ئه‌وروپادا كه‌وه‌ك ناوه‌ندێكی وزه‌ی لێدێت به‌لای ڕۆژئاواوه‌.
تێچوونی پڕۆژه‌ی نابۆكۆ 7.9 ملیار یۆرۆیه‌ كه‌ 10.500ملیدردو پێنج سه‌د ملیۆن دۆلاری‌ ئه‌مریكی‌ ده‌كات‌و بڕیاروایه‌ له‌ ساڵی 2014دا بكه‌وێته‌ كار.
ئاشكرایه‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ گه‌لێك ئاسته‌نگ‌و كێبڕكێكه‌ر و دژی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنه‌گرێت‌و هه‌ریه‌كه‌شیان بیانوی خۆی هه‌یه‌ له‌وانه‌:
 1. تائێستا نه‌توانراوه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ی گه‌وره‌‌و ده‌وڵه‌مه‌ندی دڵنیاكه‌ره‌وه‌ی غاز بۆ پڕۆژه‌كه‌ دابینبكرێت.
 2. دژایه‌تیكردنی ڕوسیا بۆ پڕۆژه‌كه‌ له‌ ڕێگه‌ی پڕۆژه‌ی ساوتستریم كه‌ توانای دابینكردنی 63 ملیار مه‌تر سێجا غازی هه‌یه‌، كه‌ ڕوسیا پشتیوانی لێده‌كات بۆ دابینكردنی غازی ئه‌وروپا.
 3. كێشه‌‌و ناكۆكیه‌كانی نێوان به‌غداد‌و هه‌ولێر له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ نه‌وتییه‌كان‌و چوونه‌ ناوه‌وه‌ی كوردستان بۆ پڕۆژه‌كه‌.
 4. هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر یه‌كێتی ئه‌وروپا كه‌ له‌ هه‌ركاتێكدا بیه‌وێت ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ وه‌ك كارتێكی گوشار به‌كاربهێنێت بۆ چوونه‌ ناو یه‌كێتی ئه‌وروپاوه‌، چونكه‌ توركیا ناوه‌ندی به‌یه‌كگه‌یاندنی هێڵه‌ جیاوازه‌كانی بۆری غازی پڕۆژه‌كه‌یه‌.
 5. بونی هێڵی ( ئاڕاسته‌ شین) كه‌ ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ ڕوسیادا له‌ جێبه‌جێكردنیدایه‌ له‌ ژێر ده‌ریای ڕه‌شه‌وه‌ وه‌ك كێبركێكارێكی‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌.
 6. واژۆكردنی توركیا له‌گه‌ڵ ئازه‌ربایجان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك بۆ ڕاكێشانی هێڵی بۆری(( ترانز-ئه‌ناچۆلیا))بۆ گواستنه‌وه‌ی 10 ملیار مه‌تر سێجا غاز له‌ ئازه‌ربایجانه‌وه‌ بۆبازاڕه‌كانی ئه‌وروپا، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ كه‌مردنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كانی دابینكردنی غاز بۆ پڕۆژه‌ی نابۆكۆ.
 7. هه‌روه‌ها هه‌ردوو هێڵی گواستنه‌وه‌ی غاز له‌ توركیاوه‌ بۆ یۆنان‌و ئیتالیا كه‌ پڕۆژه‌ی ATG یه‌ و پرۆِژه‌ی ترانس –ئه‌دریاتیك كه‌ ئه‌مانیش وه‌ك مونافسێكی پڕۆژه‌ی نابۆكۆن.
 8. ناكۆكیه‌كانی نێوان یه‌كێتی ئه‌وروپا‌و ئێران له‌لایه‌ك‌و حیسابنه‌كردنی سوریاش وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی تری غاز بۆ پڕۆژه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ن‌و مه‌ترسین له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌.
 9. هێڵی باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا ( SAAB) كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای زه‌به‌لاحی BP به‌ریتانیه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت، مونافسێكی تری نابۆكۆیه‌، چونكه‌ به‌ قازانجتره‌‌و كه‌م تێچووتره‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی بۆریه‌كانی ئێستا به‌كاردێنێت كه‌ هه‌ن‌و دامه‌زراون،  له‌به‌ر ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌‌و گه‌لێكی تریش وه‌ك ئه‌وه‌ی جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی كۆمپانیای TBAO ی نه‌وتی توركی ( نجدت بامیر) ڕایگه‌یاند پڕۆژه‌ی هێڵی بۆری غازی نابۆكی له‌ قۆناغێكی بێئاگاییدا ده‌ژی، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ش ناتوانرێت بوترێت كه‌ پڕۆژه‌ی نابۆكۆ مردوه‌.



كۆتایی‌