Print WWW.KNNC.NET
 توركیا سووره‌ له‌سه‌ر دانانی پاره‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌ هالك بانك
3/9/2014 4:28:52 PM
حكومه‌تی توركیا، سووره‌ له‌سه‌ر دانانی پاره‌ی نه‌وتی هه‌رێم، له‌ هالك بانكی توركی و تا ئێستاش یه‌ك ملیۆن و دووسه‌د هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، ره‌وانه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا كراوه‌.

رۆژنامه‌ی سه‌باحی توركیا ئاشكرای ده‌كات: به‌ هه‌وڵی توركیا، حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ری هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق، زۆر له‌ یه‌ك نزیك كه‌وتوونه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێكبكه‌ون له‌باره‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمه‌وه‌.

ئاشكراشی ده‌كات: هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هاوڕان كه‌ نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، هه‌نارده‌ی به‌نده‌ری جه‌یهان بكرێت، ته‌نها كێشه‌یه‌كیش كه‌ له‌ئێستادا ماوه‌، دانانی داهاتی نه‌وته‌كه‌یه‌ له‌بانكێكدا كه‌ به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌كه‌، حكومه‌تی توركیا، سووره‌ له‌سه‌ر دانانی پاره‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌ هالك بانكی توركی. 

ڕۆژنامه‌كه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌: تا ئێستا بڕی‌ ئه‌و نه‌وته‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌ ڕه‌وانه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا كراوه‌، گه‌یشتوه‌ته‌ یه‌ك ملیۆن و دووسه‌د هه‌زار به‌رمیل.

تا ئێستا هه‌رێم و به‌غداد له‌باره‌ی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمه‌وه‌، نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ڕێكه‌وتن و هه‌روه‌ك له‌باره‌ی‌ بڕی‌ نه‌وتی‌ هه‌نارده‌كراو و دانانی‌ داهاته‌كه‌شی‌، ناكۆكییان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌مریكاش ده‌یه‌وێت داهاتی نه‌وتی فرۆشراوی‌ هه‌رێم، له‌ بانكی جی پی مۆرگانی ئه‌مریكی، دابنرێت.