Print WWW.KNNC.NET
 مالیكی‌: قه‌ته‌ر و سعودیه‌ جه‌نگیان له‌ دژی‌ عێراق ڕاگه‌یاندوه‌
3/9/2014 8:55:57 AM
نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق، هه‌ریه‌ك له‌ سعودیه‌ و قه‌ته‌ر به‌ ڕاگه‌یاندنی‌ جه‌نگ له‌ دژی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ تۆمه‌تبار ده‌كات.

له‌ میانه‌ی‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی‌ فرانس 24 ، نوری‌ مالیكی‌، هه‌ریه‌ك له‌ قه‌ته‌ر و سعودیه‌ی‌ به‌ راگه‌یاندنی‌ جه‌نگ له‌ دژی‌ عێراق و پشتیوانیكردنی‌ راسته‌وخۆ له‌ گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان تۆمه‌تبار كرد.

 جه‌ختیشی‌ كرده‌وه‌ كه‌ سعودیه‌‌و قه‌ته‌ر، له‌ عێراقێكی‌ به‌هێز ده‌ترسن.

مالیكی‌، وتیشی‌ "جگه‌ له‌ عێراق، قه‌ته‌ر و سعودیه‌ له‌ وڵاتانی‌ سوریا، لوبنان، میسر، لیبیا، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك وڵاتی‌ دیكه‌ش،  هاوكاریی‌ دارایی‌‌و میدیایی‌ گروپه‌ تیرۆریسته‌كان ده‌كه‌ن".

سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق، نیگه‌رانیی‌ خۆیشی‌ سه‌باره‌ت به‌ بێده‌نگیی‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به‌ تاوانه‌كانی‌ سعودیه‌ و قه‌ته‌ر له‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بیدا، ده‌ربڕی و جه‌ختی‌ كرده‌وه‌ كه‌ كرده‌وه‌كانی‌ قه‌ته‌ر و سعودیه‌یان خستوه‌ته‌ ژێر چاودێریی‌ ورده‌وه‌ و داوای‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ جیهانیی‌ كرد، فشار بخه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و 2 وڵاته‌ به‌ مه‌به‌ستی‌ ده‌ستهه‌ڵگرتنیان له‌ پشتیوانیكردنی‌ تیرۆر.