Print WWW.KNNC.NET
 ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژداردنه‌كه‌ی‌ هندستان و چه‌ند سه‌رنجێك
دیاری خالید
5/21/2014 2:22:31 PM
هه‌ڵبژاردنه‌ په‌ڕله‌مانیه‌كه‌ی‌  وڵاتی‌ هندستان،  ماوه‌ی‌ پێنج هه‌فته‌ی‌ خایاند، كه‌  8251 كه‌س كاندیدی‌ پاڵێوراوبوون و 814 ملیۆن كه‌س مافی‌ ده‌نگدانی‌ هه‌بوو، له‌كۆی‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ 551 ملیۆن ده‌نگی‌ داوه‌ و  چوار رۆژ دوای‌ ته‌واوبونی‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامی‌ به‌رایی‌ راگه‌یه‌نرا.  كه‌ رێژه‌ی‌ له‌38، 66% كه‌س ده‌نگیانه‌ داوه‌ و رێژه‌یه‌كی‌ سه‌ركه‌وتوه‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌. 

به‌پێی‌ ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان، پارتی‌ به‌هاراتی‌ جه‌ناتا(BJP)،  كه‌له‌لایه‌ن ناندیرا مودی‌، سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت، زۆرینه‌ی‌ كورسیه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ی‌ به‌ده‌ست هێناوه‌، هه‌روه‌ك ئاشكرابوه‌ 272 كورسی‌ له‌ كۆی‌ 543 كورسی‌ به‌ده‌ست هێناوه‌ به‌پێی‌ ئه‌م ئه‌نجامانه‌بێت ره‌نگه‌  پێویستی‌ به‌هیچ لایه‌نێك نابێت بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت. 

له‌به‌رامبه‌ردا پارتی‌ گۆنگرێسی‌ نیشتمانی‌ كه‌ له‌دوای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هندستانه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كۆنتڕڵ كردوه‌، ته‌نها 44 كورسی‌ به‌ده‌ست هێناوه‌و لایه‌نه‌كانی‌ تریش به‌پێی‌ قه‌باره‌ی‌ خۆیان ده‌نگیان به‌ده‌ست هێناوه‌.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنجه‌ سه‌ركه‌وتنه‌ به‌رچاوه‌كه‌ی‌ مودی‌ و شكستی‌ پارتی‌ كۆنگرێسه‌،كه‌ ئه‌مه‌ش  ده‌رئه‌نجامی‌ سیاسه‌تێكی‌ خراپی‌ كۆنگرێس بوو، به‌وپێیه‌ی‌ به‌درێژایی‌ 20 ساڵی‌ رابردوو، چه‌ندین كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ رووی‌ له‌و وڵاته‌ كردوه‌، به‌تایبه‌ت هه‌ڵئاوسانی‌ ئابوری‌ و كێشه‌ی‌ هه‌ژاری‌، كێشه‌ی‌ ئافره‌تان و ده‌ست درێژی‌ سێكسی‌ بۆ سه‌ریان، رفاندنی‌ خه‌ڵكی‌ و تێكدانی‌ شوێنه‌ گه‌شتیاریه‌كان، كێشه‌ی‌ بودیه‌كانی‌ هندستان و كێشه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كشمیر و هه‌رێمه‌كانی‌ باكوری‌ ئه‌و وڵاته‌ و به‌نگال. هه‌روه‌ها كێشه‌ی‌ هندستان و وڵاتی‌ دیكه‌ی‌ وه‌ك پاكستان و به‌نگلادیش و چین و چه‌ندانی‌ تر كه‌هۆكاری‌ شكسته‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ پارتی‌ كۆنگرێسی‌ نیشتمانی‌ بوون.

هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ چه‌ندین خوێندنه‌وه‌ی‌ جیاوازی‌ بۆ ده‌كرێت، به‌وپێیه‌ی‌ ناریندرا مودی‌، كه‌سی‌ یه‌كه‌م بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ داهاتووی‌ ئه‌و وڵاته‌، كه‌سایه‌تیه‌كی‌ سه‌ركه‌وتوی‌ بۆ  حوكمڕانی‌ و فه‌رمانڕه‌وایه‌تی‌ هه‌یه‌، به‌وپێیه‌ی‌ پێشتر سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ (گوجرات) بوه‌و توانیویه‌تی‌ ره‌وشی‌ ژیان به‌تایبه‌تی‌ لایه‌نی‌ ئابوری‌ به‌ره‌و پێش ببات و نمونه‌یه‌كی‌ دیاری‌ وڵاتی‌ هندستان بێت. به‌ڵام  سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی‌ نیگه‌رانی‌ موسڵمانه‌كانی‌ لێكه‌وته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ مودی‌ كه‌سایه‌تیه‌كی‌ ره‌گه‌زپه‌رستی‌ هندۆسه‌كانه‌و تاوانباره‌ به‌ كوشتنی‌ موسڵمانان به‌تایبه‌ت  له‌ساڵی‌ 2002 ره‌شه‌كوژی‌ موسڵمانه‌كانی‌ درایه‌ پاڵ و زیاتر له‌1000 كه‌س به‌هۆیه‌وه‌ كوژرا، بۆ ئه‌مه‌ مودی‌ تاوانبار كرا. بۆیه‌ له‌ئێستاوه‌ موسڵمانه‌كان بۆچونێكی‌ تریان به‌رامبه‌ری‌ هه‌یه‌.

هه‌رچه‌نده‌ وا پێشبینی‌ ده‌كرێت، گرژی‌ دروست بكات له‌گه‌ڵ پاكستان به‌هۆی‌ هه‌ڵوێسته‌كانی‌ و پاكستانیش به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ بوه‌ بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی‌.

پارته‌كه‌ی‌ مودی‌، پێشتر وه‌ك موعاره‌زه‌ كاری‌ ده‌كرد، به‌ڵام له‌ئێستادا  كۆتایی‌ به‌ده‌سه‌ڵاتی‌ پارتی‌ كۆنگرێس هێنا كه‌ له‌129 ساڵه‌ دامه‌زراوه‌ و خه‌بات ده‌كات و  چه‌ندین كه‌سی‌ گه‌وره‌ی‌ وه‌ك مه‌هاتما غاندی‌ رێبه‌ری‌ رۆحی‌ ئه‌و وڵاته‌ و جه‌واهر لال نیهرۆ و ئه‌ندێرا غاندی‌ و چه‌ندین كه‌سایه‌تی‌ گه‌وره‌ی‌  تر له‌دوای‌  سه‌ربه‌خۆی‌ هندستانه‌وه‌ له‌1947 ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌و وڵاته‌یان له‌ده‌ستدابوه‌، به‌ڵام له‌دوای‌ شكستی‌ ئه‌م جاره‌ی‌ ئه‌و پارته‌ هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی‌ توندی‌ لێنه‌كه‌وته‌وه‌ و به‌رامبه‌ر و ركابه‌ره‌كه‌یان به‌هیچ شتێك تۆمه‌تبار نه‌كرد. چونكه‌ پارتی‌ به‌هاراتی‌ جه‌ناتا(پارتی‌ خه‌ڵكی‌ هندستان)، له‌ناوه‌راستی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو بناغه‌ی‌ دانراوه‌ و دواتر دامه‌زراوه‌، به‌مه‌ش  ماندووبونێكی‌ ئه‌وتۆی‌ به‌خۆوه‌ نه‌بینیوه‌،  به‌راورد به‌ كۆنگرێس و وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ پارتی‌ گۆنگرێس خه‌باتی‌ كردوه‌.

هه‌روه‌ها هیچ هه‌وڵێكی‌ ساخته‌كاری‌ و گۆڕینی‌ ئه‌وتۆی‌  ده‌نگه‌كان نه‌درا كه‌ موعاره‌زه‌  ره‌تبكاته‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ چۆڵنه‌كردنی‌ ده‌سه‌ڵات بكه‌ن. له‌هه‌مان كات سۆنیا غاندی‌، سه‌رۆكی‌ پارتی‌ كۆنگرێس،  به‌بێ‌ ئازاردانی‌ خه‌ڵكی‌ و هه‌ڕه‌شه‌كردن دانی‌ به‌شكسته‌كه‌یان داناوه‌ و  ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ قبوڵه‌ و  ده‌ڵێت: "رێز له‌بڕیاری‌ خه‌ڵكی‌ ده‌گرم".
هه‌روه‌ها  د.مه‌همون سیخ، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئه‌و وڵاته‌ پیرۆزبایی‌ له‌ موعاره‌زه‌كردو ئاماده‌یی‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌به‌ له‌كاتی‌ دیاری‌ كراوی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تدا.

ئه‌مه‌ وه‌رچه‌رخانێكی‌ گه‌ره‌یه‌ له‌مێژووی‌ ئه‌و وڵاته‌ كه‌ حیزبێك خاوه‌نی‌ 129 ساڵ له‌خه‌بات و تێكۆشان بێت، دژی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ داگیركه‌رانی‌ ئه‌و وڵاته‌،  به‌و شێوه‌یه‌ پێشوازی‌ له‌ئه‌نجامه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن بكات، بنه‌ماڵه‌یه‌ك زۆرترین قوربانیان بۆ ئه‌و وڵاته‌ دابێت، هه‌ر له‌باوكی‌ جه‌واهرلال  نیهرۆ، تاكو نیهرۆ خۆی‌ و   ئه‌ندێرا غاندی‌ كچی‌ و  نه‌وه‌كانی‌ دواتری‌ كه‌له‌و وڵاته‌دا تیرۆركران، به‌بێ‌ فرۆشتنه‌وه‌ی‌ مێژوو و شه‌رعیه‌تی‌ خه‌بات شۆڕشگێڕی‌ و پیرۆزی‌ مێژوو.

هه‌روه‌ها له‌ ماوه‌ی بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا،  كه‌مترین رێژه‌ی‌ توندو تیژی‌ و ئاڵۆزی‌ هه‌بوه‌، خه‌ڵك ناچارنه‌كراوه‌ ده‌نگ بده‌نه‌ هیچ لایه‌نێك و فشاریان له‌سه‌ر بێت.

ئه‌وه‌ی‌ بۆ هندیه‌كان گرنگه‌ باشكردنی‌ بارودۆخی‌ ئابوری‌ ئه‌و وڵاته‌ و گێڕانه‌وه‌ی‌ سه‌قامگیری‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌،  كه‌به‌پێی‌ داتاكان هندستان رووی‌ له‌خراپی‌ لایه‌نه‌كانی‌ ژیان  ده‌كرد، هه‌رچه‌نده‌ چه‌ندین مه‌ترسی‌ وه‌ك تیرۆر و فڕاندنی‌ خه‌ڵكی‌ و تێكدانی‌ ئارامی‌ شوێنه‌ گه‌شتیاریه‌كان و مه‌ترسی‌ ده‌ره‌وه‌ به‌تایبه‌ت پاكستان و ئاڵۆزی‌ ره‌وشی‌ كشمیر و چه‌ند هه‌رێمێكی‌ تر، به‌ڵام پارتی‌ ده‌سه‌ڵاتدار له‌ماوه‌ی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌هیچ شتێك له‌وانه‌ خه‌ڵكی‌ نه‌ده‌ترساند و باسی‌ ئه‌منی‌ قه‌ومی‌ نه‌ده‌كرد، به‌ڵكو بانگه‌شه‌ی‌ باشكردنی‌ بارودۆخی‌ وڵاتیان ده‌كرد.

ئه‌وه‌ی‌ داهاتووی‌ ئه‌و وڵاته‌ی‌ دیاری‌ كرد، هۆشیاری‌ خه‌ڵكی‌ بوو له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا و گۆڕینی‌ پارتی‌ ده‌سه‌ڵاتبوو، هه‌روه‌ها ئه‌ركی‌ داهاتوو بۆ سه‌ر مودی‌ ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ وڵات به‌ره‌و كام ئاراسته‌ ده‌بات، مه‌یل و ئاره‌زووی‌  ئه‌مریكا و ئه‌وروپا كه‌له‌ئێستاوه‌ ئۆباما پیرۆزبای‌  له‌مودی‌ كردوه‌  یاخود هه‌مان مه‌یلی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ نه‌هرۆی‌ ده‌بێت كه‌ مه‌یلێكی‌ سۆشیالی‌ و باره‌و روسیایان هه‌یه‌؟

هه‌روه‌ها ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ی‌ مودیه‌وه‌ سیاسه‌تی‌ هندستان له‌بێ‌ لایه‌نیه‌وه‌ بگۆڕێت بۆ لایه‌نگری‌ ئه‌مریكا و دژایه‌تی‌ كردنی‌ ئێران، كه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی‌  باشی له‌گه‌ڵ هندستان هه‌یه‌. سه‌ره‌ڕای‌ هاوبه‌شی‌ كردنی‌ ئه‌مریكا و هندستان له‌رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی‌ توانای‌ ئابوری‌ چین.

هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ هندستان، له‌ناو ئه‌و زنجیره‌ گۆڕانكاریانه‌دابوو، كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ له‌خاوه‌نداریه‌تی‌ مێژو و شه‌رعیه‌تی‌ شۆڕشگێڕی‌ و حیزبی‌ یه‌كه‌م وه‌رگرته‌وه‌ بۆ موعاره‌زه‌ و خه‌ڵكی‌،  به‌مه‌ش ترسی‌ لای‌ وڵاتانی‌ ناوچه‌كه‌ زیادكردوه‌، كه‌خه‌ڵكی‌ خزمه‌تی‌ ده‌وێت، نه‌ك فرۆشتنه‌وه‌ی‌ مێژو و قۆرخكردنی‌ ده‌سه‌ڵات.