Print WWW.KNNC.NET
 تەزویر
کاوە محە مەد
5/21/2014 2:20:51 PM
ئەوان لەبابەتی ئەو سیاسییانەن كە وەك سۆسیۆلۆجیستی ئەڵمانیی (ماكس ڤیبەر) دەڵێ: (بە سیاسەت دەژین نەك بۆ سیاسەت بژین). چونكە ئەوان پیاوی دەوڵەت و سیاسەت نین و كورسی و بەرپرسیارێتیی وەك غەنیمە سەیر دەكەن و هیچ بیروباوەڕ و مۆرالێك بە كایەی سیاسەتەوە نایانبەستێتەوە.

بۆیە شەڕی ئەوان لەسەر كورسیی دەسەڵات و فراوانكردنی جوگرافیای دەستكەوتە شەخسی و حزبییەكانیانن، نەك رێزگرتن لەبەرپرسیارێتیی و مافی خەڵك و پرسی نیشتیمانیی، ئیتر هەموو رێچكە و رێگاكان بۆ ئەوان رەوا و تەختە، لەپەنابردن بۆ هەموو شێواز و میكانیزمێكی ناشیرین و ناڕەوا، دەستكراوەن بۆئەوەی راستیی بشێوێنن و ناڕاستی لەشوێنیدا بچەسپێنن.

 لێرەوە تەزویر بۆتە كلتوور لەلای ئەو سیاسییە نابەرپرسیارانە؛ لەناو حزب بەسندوقی پێشوەخت پڕكراو لەدەنگی تەكەتولەكان ئاراستەی كۆنگرەكان دەگۆڕن و دیسانەوە خۆیان بەسەر كورسییە شەق و شڕەكاندا دەسەپێننەوە، دواتریش لەدەنگدانە گشتییەكاندا بەهەمان كاتوور دەكەونەوە شەڕكردن لەگەڵ راستی و ئیرادەی دەنگدەران و ئامادەن هاوپەیمانێتیی لەگەڵ شەیتانیش ببەستن تا دەستیان لەدەسەڵات بەرنەبێت و رێگریی لەدەستاودەستكردنی دیموكراسیانەی دەسەڵات بكەن..بێ ئاگا لەو دەرسەی مێژوو كە هەمیشە چارەنووسی تەزویركاران رەشتر و تاریكتر بووە لەژوورە تاریكەكانی پیلانگێڕان لەخەڵك و ئیرادە و ئایندەیان.



دیواری تایبه‌تی نوسه‌ر له‌ فه‌یسبوك