Print WWW.KNNC.NET
 حەوتەوانە ...گۆڕان و نەوەی نوێ
هۆشیار عه‌بدوڵا
5/21/2014 2:10:57 PM
پێش هەڵبژاردنەکانی ٢١/٩ یەکێک بوم لەوانەی زۆر داکۆکیم لەسەر ئەوەکرد کە گەنجێک سەرۆکایەتی لیستی گۆڕان بکات، کاک یوسف محەمەد سادق قەلەق بوو لەوەی ئەو دکتۆراکەی تەواو بکات و کەسێکی تر ئەو ئەرکە هەڵگرێت،لەگەڵ دۆستان تەکلیفمان لێکرد،لە بزوتنەوەکە یەکلاکرایەوە، مابوو دواجار کاک نەوشیروان قسەی لەگەڵ بکات،عەسرێک چوم بۆ ماڵی کاک نەوشیروان، کاک یوسف و خۆی لە باخەکە لەسەر کورسی سپی نایلۆنی دانیشتبون، لەگەڵ سەلام و دانیشتنی مندا لەو کاتەدا کاک زمناکۆ جەلالی ژوری هەڵبژاردنیش هات، کاک نەوشیروان سەیرێکی کردم و وتی ئەوە تەکلیفمان کردوە کاک یوسف سەرۆکایەتی لیستەکەمان بکات،من راستەوخۆ هەستام و تۆقەیەکم لەگەڵ کرد و پێم وت ئوستاز گیان پیرۆزە،دوای هەستانمان لای کاک نەوشیروان بە تەلەفون کاک یوسف وتی تۆ ئەزانی کە تۆ وتت پیرۆزە هێشتا من وەڵامم بە ئا یان نا لە کاک نەوشیروان نەگێرابوە بەس ئیدی ئیحراج بوم ، هەرچەند بیرمە ئەوکاتە کاک یوسف وتی؛ کاک نەوشیروان ئەگەر سەرۆکایەتی لیستەکە بکەم لەبەر بزوتنەوەکەیە و دەبێ پشتیوانم بن، من وتم هەمومان پشتیوانت ئەبین، هەر واشمان کرد و ئەوەی لەدەست خۆم و هاورێکانم هات کردمان بۆ سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا.

ئەمرۆ لە کەلار بوم و لە رێگەی شاشەی تیڤیەوە بینیم کە وەک سەرۆکی پەرلەمان دیاری کرا،ئێجگار دڵخۆش بوم چونکە: گۆران لە کۆی سێ سەرۆکایەتی یەکێکیانی وەرگرت و ئیدی دەبێ جیاوازیەکانی خۆی و ئەوانی تر نیشان بدات.

گەنجێک وەک نوێنەرایەتی نەوەیەکی نوێ چۆتە جومگەیەکی هەستیاری ئەو هەرێمە و وەک رابردو هەم هاوکاری دەبین و هەم چاودێر دەبین بەسەر کار و هەنگاوەکانیەوە، کە ئاخۆ ئەو شوێنە وەک پۆست سەیر دەکات یان وەک ئەرک ؟! دەیسەلمێنێت کە نەوەی نوێ دەکارێت نمونەی باشتر لە نەوەی پێش خۆی نیشان بدات یاخود نا ؟!

دواجار کاک یوسف یەکێکە لەو گەنجانەی کە لە ماوەی چوار ساڵی رابردودا بە دیاریکراوی لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٠ ەوە پێکەوە کار دەکەین و لە دڵەوە پیرۆزبایی لێدەکەم و هیوادارم لە هەڵگرتنی ئەو ئەرک و بەرپرسیاریەتیەدا کە بێگومان قورسە،خوای گەورە پشتیوانی بێت و ئێمەش هەموو لەگەڵیدا هاوکار بین لە پێناو پەرلەمانێکی چالاک لە روی چاودێری حکومەت و دەرکردن و هەموار کردنەوەی پرۆژە یاسای باش تەنها لە سەر بنەمای خزمەتی خەڵک و بۆ خێر و خۆشی ئەم هەرێمە. بە هیوای بینینی پەرلەمانێکی تەواو نوێ کە خەڵک بە هۆیەوە جیاوازی گۆڕان و ئەوانی تر ببینێت.