Print WWW.KNNC.NET
 یه‌كێتی له‌ نێوان گۆڕان و پارتیدا
لەتیف فاتیح فەرەج
5/21/2014 1:57:39 PM
له‌ دوای واژو كردنه‌كه‌ی دوێنێوه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ چه‌ندین دۆست و براده‌ر داوای دیدو سه‌رنجیان لێكردوم ، من بڕیارم دابوو زۆر كه‌متر له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌وه‌ بدوێم ، به‌ڵام ناچارم به‌ كورتی دیدی خۆم ده‌ربڕم :

یه‌كه‌م : یه‌كێتی له‌م كابینه‌یه‌دا هه‌موو هه‌قێكی لای پارتیه‌ نه‌ك كه‌سی تر ، یه‌كێتی ماڵ به‌ ماڵ ده‌نگی بۆ بارزانی كۆكرده‌وه‌و كردی به‌سه‌رۆكی هه‌رێم ، ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌كانی یه‌كێتی له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمدا بۆ دكتۆر كه‌ماڵ میراوده‌لی چووبا ئێستا ئه‌و سه‌رۆكی هه‌رێم بوو نه‌ك بارزانی ، هه‌موو بیرمانه‌ چۆن مام جه‌لال و مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ماڵ به‌ ماڵ ده‌نگیان بۆ كاك مه‌سعود كۆده‌كرده‌وه‌، به‌ڵگه‌و ده‌كۆمینته‌كان ماون .

دووه‌م : به‌ پێی رێكه‌وتنی ستراتیژی یه‌كێتی و پارتی شه‌ریكن نه‌ك یه‌كێتی و لایه‌نێكی تر . ئه‌وه‌تا سه‌ره‌ڕای بوونی ئه‌و رێكه‌وتنه‌ ، پارتی نه‌ك هه‌ر ئه‌ندامی ئاسای یان كادیری ناوه‌ندی ته‌نانه‌ت سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیش ده‌كاته‌ پارتی .

سێیه‌م : یه‌كێتی و دكتۆر ئه‌رسه‌لان ته‌مه‌نی بارزانیان بۆ دوو ساڵی تر دایه‌ ده‌میه‌وه‌ نه‌ك گۆڕان ، گۆڕان به‌ ئاشكرا و بێپه‌رده‌ دژی ئه‌وه‌ بوو ، چونكه‌ ئه‌وه‌ ناقانونی بوو .

چواره‌م : یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر پرسی گێڕانه‌وه‌ی ده‌ستورو درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی سه‌رۆكی هه‌رێم فسی فسیان كردوه‌ نه‌ك خه‌ڵكی تر ، ئه‌گینا ئه‌و پڕۆژه‌ ده‌ستوره‌ هه‌زار قانونییش نووسیبێتیان و هه‌زار پارله‌مانیش تێیپه‌ڕاندبێت ، سه‌لكێ‌ پیازی بۆگه‌ن ناهێنێ‌ ، به‌ڵام دكتۆر ئه‌رسه‌لان وای نه‌وت.
پێنجه‌م : گۆڕان له‌ هه‌وڵی دروستكردنی حكومه‌تا ده‌رگای به‌ ڕوی كه‌سا دانه‌خستبوو ، ئه‌وه‌ كاك مه‌لا به‌ختیار بوو ووتی ئێمه‌ جگه‌ له‌ پارتی كه‌سی تر ناگرینه‌ هاوپه‌یمان .

به‌م پێنج خاڵه‌و ره‌نگه‌ ده‌یانی دیكه‌ش هه‌بن هه‌موو هه‌قێكی یه‌كێتی لای پارتیه‌ ، یه‌كێتی ته‌نانه‌ت نه‌یتوانیوه‌ چه‌كه‌ به‌ هێزه‌كانی خۆیشی له‌ رابردودا به‌رانبه‌ر هاوپه‌یمانه‌كه‌ی به‌كار بێنێ‌ ، به‌وه‌ی هاوپه‌یمانه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئاستی فه‌ڕمی هیچ نه‌ما به‌ پیاوێكی وه‌ك عادل مورادی نه‌ڵێن ، یه‌كێتی نقه‌ی لێوه‌ نه‌هات ، هیچ نه‌ما به‌ دكتۆر نه‌جمه‌دین كه‌ریمی نه‌ڵێن ، ته‌نانه‌ت له‌ كه‌ناڵێكی ئاسمانیه‌وه‌ ، ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی پارتی پێی ووت دزو درۆزن یه‌كێتی قسه‌ی نه‌كرد ، ده‌یان نمونه‌ی تر ، كاك مه‌سعود به‌ ئێستاشه‌وه‌ پێشوازی له‌ ماڵباتی سه‌رده‌شت عوسمان و سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ نه‌كردوه‌و نه‌چوه‌ته‌ ماڵیان ، كه‌چی بۆ لێدانی مه‌كته‌ب سیاسیه‌كی یه‌كێتی پێشوازی له‌ ماڵباتی كاوه‌ گه‌رمیانی كرد .

له‌ وتارێكی چه‌ند رۆژ پێشترا مه‌لا به‌ختیار باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌مه‌ هه‌وڵێكه‌ بۆ پواز خستنه‌ نێوان گۆڕان و یه‌كێتی ، ناڵێت پارتی به‌ پێی هه‌موو رێكه‌وتنه‌كان هه‌قی ئێمه‌ی لایه‌ ده‌بێت بیدات .

به‌لامه‌وه‌ سه‌یره‌ ده‌وترێ‌ گۆڕان ته‌سلیمی پارتی بووه‌ ، گۆڕان به‌ نوسین و به‌ ئیمزا رێكه‌وتوه‌، سبه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و رێكه‌وتنه‌ كاری پێنه‌كرێ‌ گۆڕان هیچ مه‌جبور نیه‌ درێژه‌ی پێبدات ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش گۆڕان له‌ ده‌قی رێكه‌وتنه‌كه‌دا هه‌موو ئامانجه‌كانی چاكسازی و حكومه‌تی ناحزبی باسكردوه‌ ، بۆ ده‌بێت ئه‌مه‌ ته‌سلیم بوون بێت ، دواتر پارتی به‌لای زۆری زۆره‌وه‌ ناگاته‌ 40%ی ئه‌م هه‌رێمه‌و ئه‌و په‌ڕی 30% ه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی پاك و بێگه‌رد بكرێت ، ئه‌وه‌ خێره‌ گۆڕان ته‌سلیمی ئه‌و رێژه‌یه‌ بێت ، كه‌ خۆی زۆری وای له‌وه‌ كه‌متر نیه‌ .

به‌ بڕوای من ئێستا یه‌كێتی پێویستی به‌ بیر كردنه‌وه‌یه‌كی قوڵترو ئاوه‌زدارانه‌ تره‌ ، پێویسته‌ قسه‌كه‌رێكی هه‌بێت ، كه‌ ئه‌وانی تر له‌گه‌ڵ رایه‌كه‌ی بن ، ناكرێ‌ هه‌ڵچێت و هه‌ركه‌س قسه‌یه‌ بكات ، لام وایه‌ پێشتریش ووتومه‌ و نووسینه‌كانم ماون ، یه‌كێتی وه‌زعی هێنده‌ خه‌راپ نیه‌ تا به‌ر له‌وه‌ی خه‌ڵك بڕیار له‌ چاره‌نووسی بده‌ن ، خۆی سه‌ری دنیای لێبێته‌وه‌ یه‌ك ، به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌ی له‌ بیر بچێت كه‌ ئه‌و هه‌قه‌كانی لای پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ نه‌ك بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان یان لایه‌نی تر .