Print WWW.KNNC.NET
 گۆڕان بۆ ئێستا و بۆ ئاینده‌
چۆلی ئەسعەد
5/21/2014 1:47:11 PM
گۆڕان ، راستییه‌كه‌ هه‌مووكات پێویسته‌ ، وه‌ك ئۆكسجین و وه‌ك هه‌وا و وه‌ك خۆراك .. گۆڕان ، پێویستیی ژیانه‌ .. ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ نه‌مانی پاره‌ له‌ بانكه‌كان و له‌گه‌ل به‌رده‌وامیی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، له‌گه‌ڵ دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ت، كه‌ كه‌س نیه‌ جگه‌ له‌ پارتی و یه‌كێتی بزانێت بۆچی حكومه‌ت پێكنایه‌ت، پێویستیمان به‌ هێزێكه‌ نوێنه‌رایه‌تی ده‌نگ و ره‌نگی خه‌لك بكات و خه‌می سه‌ره‌كی و یه‌كه‌می وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خه‌مه‌كانی خه‌ڵك و هاوڵاتیان بێت.

دوو هێز، له‌ بۆته‌ی دوو ئیداره‌ی شكڵی زیاتر له‌ 23 ساڵه‌ یاری به‌ ژیان و ئیراده‌ و خواست و خه‌ونه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ن، تا ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ بایی دوو مانگ پاره‌ له‌ بانكه‌كان پاشه‌كه‌وت بكه‌ن و خۆیان بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی گریمان سروشتییش بێت ئاماده‌ بكه‌ن، تا ئێستا ئاماده‌ نین به‌ خه‌ڵك بڵێن هۆكاره‌كانی پێكنه‌هێنانی حكومه‌ت چین ، ئاماده‌نین به‌راستی به‌خه‌ڵك بلێن هۆكاری نه‌مانی پاره‌ چیه‌ له‌ بانكه‌كان، ئاماده‌نین كۆمپانیایه‌كی حزب كه‌ به‌ پاره‌ی خه‌ڵك بونیاد نراوه‌ بكه‌نه‌ قوربانی هاوڵاتی و كه‌مێك له‌ نه‌هامه‌تیی بێ مووچه‌یی رزگاری بكه‌ن.

دوو هێز، كه‌ خۆیان به‌ پارێزه‌ری خه‌ڵك و خه‌مخۆری هاوڵاتی ئه‌زانن ئاماده‌نین بۆ هاوڵاتیی ئاشكرا بكه‌ن كه‌ داهاتی نه‌وت چه‌نده‌ و پاره‌ی شیرینی و قه‌ره‌بووی نه‌وت چه‌نده‌ و له‌كوێیه‌ و بۆچی به‌كاردێت، ئاماده‌نین به‌ بڕه‌ پاره‌یه‌ی بۆ قه‌ره‌بوو وه‌ری ده‌گرن له‌ كۆمپانیا بیانییه‌كان بۆ باشكردن و ژینگه‌ی ئه‌و ناچه‌یه‌ خه‌رجی بكه‌نه‌وه‌ .

دوو حزب ، خه‌می هه‌مووشتێكی خۆیانه‌، ته‌نیا خه‌می خه‌ڵك نه‌بێت، دوو حزب هاوڵاتی ده‌كه‌ن به‌ حزبی و به‌ ته‌زكیه‌ی حزب نه‌بێت نایكه‌ن به‌ قوتابی زانكۆ و و به‌ فه‌رمانبه‌ر ، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بوایه‌ مافی مرۆڤ بوونیشیان لێ ئه‌سه‌ندینه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بڕوانامه‌ی له‌ دایكبوونی حزبمان له‌ گیرفاندا نه‌بوایه‌.

جووتێ حزب، ئه‌گه‌ر بۆیان بكرێ به‌بێ ته‌زكیه‌ی حزب ناهێڵن سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كانیش بكه‌ین، ئه‌ی خودایه‌ ئه‌م دوو حزبه‌ له‌كوێ هاتوون و مه‌به‌ستیان چیه‌ و چییان له‌ ئێمه‌ی هاوڵاتیی كوردستان ئه‌وێ؟

ئه‌مڕۆ، هاوڵاتیی كوردستان پێویستی به‌ هێزێكه‌ كۆتایی به‌م دۆخه‌ بێنی و ئینتیماو خۆشه‌ویستی راسته‌قینه‌ و وه‌ك یه‌ك بۆ هه‌مووان بگێڕێته‌وه‌، هێزێك، كۆتایی به‌ هاوڵاتیی حزبی بێنێ و مافی هاوڵاتیی بوون رێز لێگیراو بێت و حزب بۆی نه‌بێت ده‌ستی بۆ به‌رێت، ئه‌و هێزه‌ ئه‌مڕۆ ، كه‌ نوێنه‌رایه‌تی ده‌نگی خه‌ڵك ده‌كات ناو و فۆرمی گۆڕانه‌، ئه‌مڕۆ خه‌ڵكی كوردستان پێویستی به‌گۆڕانه‌، تا كۆتایی به‌ قۆناغی پاشاگه‌ردانی بێنێ و بمانخاته‌وه‌ سه‌ر ڕێگای پڕ له‌ ئینتیما و خۆشه‌ویستی نیشتمان و به‌های هاوڵاتیی به‌رزتربێ له‌ به‌های ته‌نكه‌ره‌ نه‌وتێك ، ئه‌و هێزه‌ گۆڕانه‌.