Print WWW.KNNC.NET
 مالكی‌و چەڵتەی خوێن بەخوێن
لەتیف فاتیح فەرەج
5/21/2014 1:46:03 PM
دەستەواژەی خوێن بە خوێن دەستەواژەیەكی زۆر جاهیلانەیە ، ئەوە ئەگەر سەرۆك وەزیری وڵاتێك بیڵێت ئیدی دەچێتە خانەی كارەساتیشەوە ، ئەدی قانون و دادگا ، كوشتنی ئەو رۆژنامەنووسە بە ئازارە ، لێ‌  هەق نیە نوری مالكی یەكسەر بەو زمانە جاهیلیە باخڤێ‌ ، هەرچەند مالكی كارێكی باشی كرد چوە شوێنی روداوەكە ، خۆزگە ئەوانی ئێمەش لە 23 ساڵی رابردودا بچونایەتە شوێنی یەك روداو لەو هەموو روداوە ناخۆشەی رویانداوە، كە نەچون ، نەك ئەوەش لە 23 ساڵی رابردودا تاڵەبانی و بارزانی و تەنانەت نێچیرڤانیش سەریان بە ماڵی هەژارێكی ئەم نیشتمانەدا نەكرد ئەوە بۆیە ئەوانی  بە دوای ئەوانیشدا ناوەكانیان دێت ئەو كارە ناكەن.

مالكی  دەبوایە لەو شوێنە بیگوتایە ئەو بابەتە لە رێگەی یاساوە یەكلادەبێتەوە ، چونكە هەموو شتەكان روون نین جارێ‌ ، من دڵنیام ئەو ئەفسەرە بە نیازی كوشتن تەققەی نەكردوە ، هەڵبەت وەك ئەوانی لای خۆیشمان ئامادە سازی بۆ ئەو كوشتنە نەكراوە ، خۆ ئەگەر مەسەلەكە بێت سەر بابەتی خوێن بە خوێنیش ئەوە نەك عەرەبی ئێراق عەرەبی وڵاتانی دیكەش قەرزاری كوردن ، هەر لەو ساڵانەی پێشودا لە حەویجە بازرگانێكی كوردی كەركوكیان سەربڕی كاتێ‌ چو بوو بۆ وەرگرتنەوەی قەرز ، كەسیش نەیوت خوێن بە خوێن ، ئەوە جگە لە سەدان روداوی دیكەی لەو جۆرە ، كە لە 10 ساڵی رابردودا روویانداوەو كوردیان تیا بوەتە قوربانی ، هەق نیە سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و نوێنەرانی كورد لە بەغدا لە دەستەواژەی خوێن بە خوێن بێدەنگ بن ، هەقیش نیە ئەم كەیسە بە ئاراستەی تێكدانی   پەیوەندی كورد و عەرەب ببرێ‌ وەك هەندێ‌ پەرلەمانتێری عەرەب دەیانەوێ‌.

كوشتنی ئەو رۆژنامەنووسە كارێكی خراپە ، ئیدی لە بارو دۆخی شێوای ئێراقدا ئەوەش روو دەدات ، بەڵام خۆ كوشتن و لەناودانی هەزاران هاوڵاتی كە لەناویاندا سیاسی و بازرگان ونوسەرو رۆشنبیرو رۆژنامەنووس و هونەرمەند هەبوون  لە ساڵانی رابردودا بۆ كەس نەیوت خوێن بە خوێن و بۆ كەس خۆی لێنەكردنە خاوەن .


شارپرێس