KNN Frequencies:
  • Nilesat: 10892 H 3/4 27500 - 11227 V 27500
  • Hotbird: 12380 V 27500
سۆرانی‌ مامه‌ حه‌مه‌تان بیره‌‌
| |
  21/05/2014

ته‌نیا رۆژێ‌ به‌ر له‌ شه‌هیدبونی‌ پێكه‌وه‌ بوین، من سه‌رزه‌نشتم كردو ئه‌و پێكه‌نی‌، له‌ یاداشته‌كانیدا نوسیویه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ زۆرترین ئامۆژگاریم ده‌كات له‌تیف فاتیح فه‌ره‌جه‌، باسی‌ ئه‌وه‌ش ده‌كات چۆن لێی‌ توڕه‌ ده‌بم، هه‌ر جارێك شیعرێكی‌ تازه‌ی‌ نوسیبا ئه‌گه‌ر سه‌عات یه‌كی‌ دوای‌ نیوه‌شه‌ویش با ته‌لی‌ بۆ ده‌كردم و بۆی‌ ده‌خوێندمه‌وه‌، ئه‌و به‌و راده‌یه‌ نزیك بو له‌منه‌وه‌، منیش به‌ رۆیشتنی‌ ئه‌و نزیكترین برام له‌ ده‌ستدا، چونكه‌ تا ئه‌و هه‌بو ئیدی‌ بۆ هه‌ركوێ‌ چوبام به‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌ی‌ خۆی‌ ده‌یبردم و هه‌میشه‌ ئه‌و ئاگای‌ له‌من بو. یادگاری‌ و چیرۆكی‌ دورو درێژمان هه‌یه‌ پێكه‌وه‌، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ رۆمانێك ته‌واوی‌ بكات.

سۆران و هه‌مو ئه‌و هاوڕێیانه‌ی‌ دیكه‌ كه‌ ئێمه‌ ناومان ناون شه‌هیدانی‌ قه‌ڵه‌م، مانه‌وه‌یان بۆ پێشكه‌وتنی‌ رۆژنامه‌وانی‌ ئازاد بۆ ده‌ربڕینی‌ بیروڕا بۆ گه‌یشتن به‌ دنیای‌ باشتر زۆر پێویستتر بو، لێ‌ بكوژ ئه‌وه‌ نازانێ‌ بكوژ بۆ وه‌رگرتنی‌ خه‌ڵاتی‌ له‌ ده‌ستدانی‌ ویژدان هه‌مو شتێك ده‌كات.

ئه‌و ئێواره‌یه‌ی‌ سۆران شه‌هید كرا، من به‌ په‌له‌ له‌ سلێمانیه‌وه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك و چومه‌ سه‌ر هه‌واری‌ خاڵی‌ ماڵی‌ بێ‌ سۆران، هه‌ر شه‌ویش له‌سه‌ر خواستی‌ دایكی‌ هێنامان له‌ چه‌مچه‌ماڵ ناشتمان، به‌ڵام ئه‌و ته‌سبیحه‌ قه‌زوانه‌ی‌ كه‌ یه‌ك دو رۆژ پێشتر لێی‌ سه‌ندم و كردیه‌ ملی‌ ئیدی‌ نه‌مزانی‌ كه‌ی‌ له‌ملیان كرده‌وه‌، بۆ رۆژانی‌ دواتر ئێمه‌ له‌ هه‌مو ده‌رگاكانماندا بۆ خوێنی‌ هاوڕێ‌ گه‌نجه‌ شه‌هیده‌كه‌مان، بۆ خوێنی‌ ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ی‌ مرۆڤی‌ له‌ هه‌مو شت لاپیرۆز تر بو كه‌چی‌ مرۆڤ ده‌ستی‌ چوه‌ جه‌سته‌ بێگه‌رده‌كه‌ی‌، له‌گه‌ڵ دۆستان چوینه‌ به‌رده‌م نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ هه‌ولێر و تابوتی‌ پڕ له‌ ئازار و خه‌ونی‌ سۆرانمان به‌سه‌ر شانه‌وه‌ بو، ئه‌و ده‌زگایه‌مان قه‌ڵه‌م بارانكرد و دواتر من و ئه‌حمه‌د میره‌ پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وان دانیشتین، لاموایه‌ تائێستاش ئه‌و دۆسیه‌ لای‌ ئه‌وان به‌ كراوه‌یی‌ ماوه‌ته‌وه‌، لێره‌ له‌ كه‌ركوك دوجار له‌گه‌ڵ كونسوڵگه‌ری‌ ئه‌مه‌ریكا هه‌م خۆم و هه‌م دۆستان دانیشتین و چیرۆكه‌كه‌مان به‌تولی‌ باس كرد، له‌گه‌ڵ پۆلیس، له‌گه‌ڵ ئاسایش، له‌گه‌ڵ سه‌ندیكا، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ ئیداری‌ و حیزبی‌، كه‌س نه‌ما له‌ ده‌رگای‌ نه‌ده‌ین، دواجار له‌ كه‌ركوك من خۆم به‌ بارزانیم وت؛ ئێوه‌ وه‌ك سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌وباره‌یه‌وه‌ چی‌ ده‌كه‌ن، ئه‌ویش جگه‌ له‌ هاوخه‌می‌ به‌ڵێنیدا خۆی‌ به‌ دواداچونی‌ تایبه‌ت بكات و بكوژان بدۆزرێنه‌وه‌.

هه‌مو به‌یاننامه‌كان، دانیشتن له‌گه‌ڵ ئاسایش و پۆلیس هه‌وڵ و ته‌قه‌لا جیاجیاكان، به‌ڵێنه‌كانی‌ بارزانی‌ و كۆسره‌ت ره‌سوڵ و تا دوای‌ ئه‌وانه‌ هه‌مو ده‌بنه‌ دۆسیه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ و هه‌رگیز داناخرێن، من ته‌نانه‌ت ئه‌م ساڵیش چه‌ند جارێك وه‌ك خۆم له‌ رێگه‌ی‌ ئاسایشی‌ یه‌كێتیه‌وه‌ سۆراغی‌ ئه‌و پرسه‌م كردوه‌ و لای‌ ئه‌وان دۆسیه‌كه‌ دانه‌خراوه‌، هه‌روه‌ك چۆن لای‌ پۆلیسیش ناكرێ‌ تا هه‌تا ئه‌و بابه‌ته‌ تۆزی‌ له‌سه‌ر بنیشێت، لاموایه‌ پێویسته‌ جارێكی‌ تر نه‌ك هه‌ر سه‌ندیكا و لقی‌ كه‌ركوك، هه‌روه‌ها گۆڤاری‌ لڤین و كه‌س و كاره‌كه‌یشی‌ بۆ ئه‌م ساڵی‌ ئاینده‌ لاپه‌ڕه‌كانی‌ دۆسیه‌كه‌ رێكبخه‌نه‌وه‌، له‌ پۆلیس و لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ وه‌رگرنه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ دۆسیه‌ی‌ شه‌هیده‌كانی‌ تردا بیخه‌ینه‌ به‌رده‌م لیژنه‌كانی‌ پارله‌مان بۆ به‌دواداچون و هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌.

سۆران وه‌ك گه‌نجێك، وه‌ك رۆژنامه‌وانێك، وه‌ك شاعیرێك، خه‌ونی‌ هه‌بو، خه‌ونی‌ زۆرو پیرۆز، بێده‌نگیمان بۆ دوباره‌ هه‌ڵنه‌دانه‌وه‌ی‌ لاپه‌ڕه‌كانی‌ ئه‌و سته‌مه‌ی‌ له‌ سۆران كراوه‌، ئێمه‌ ده‌خاته‌به‌رده‌م به‌رپرسیاره‌تیه‌كی‌ گه‌وره‌، كه‌ زیانه‌كه‌ی‌ بۆ ئازادی‌ و دیموكراتی‌ و بیروڕای‌ ئازاد و رۆژنامه‌وانی‌ یه‌جگار زۆره‌، ئه‌وه‌ جگه‌له‌وه‌ی‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و لاپه‌ڕانه‌ بۆ به‌رگرتنه‌ له‌ تیرۆر و ره‌شه‌كوژی‌ زیاتری‌ ئازادی‌.

من دوای‌ شه‌ش ساڵ له‌ شه‌هیدبونی‌ هێشتا سۆران له‌ گه‌ڵمایه‌، هه‌مو رۆژێك ته‌ماشای‌ ئه‌و وێنه‌یه‌ی‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌شوێنێكی‌ كتێبخانه‌كه‌م دامناوه‌، لاموایه‌ ئه‌ویش به‌ هه‌مان دیدگای‌ سه‌ر زه‌نشتئامێزه‌وه‌ سه‌یرم ده‌كات و ده‌پرسێ‌ "ئه‌وه‌ له‌بیرتان چوم". 

  337

زیاتر ...
  د.شێركۆ عه‌بدوڵا
  عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح
  کاوە محە مەد
  هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر
   شێرزاد شێخانی
  فرمان عبدالرحمن
  کاوە محە مەد
  نەژاد جەلال
  د. سه‌ردار عه‌زیز
  کاوە محە مەد
  د. سه‌ردار عه‌زیز
123
په‌ڕه‌یله‌ 3
ژماره‌ی بابه‌ت