KNN Frequencies:
  • Nilesat: 10892 H 3/4 27500 - 11227 V 27500
  • Hotbird: 12380 V 27500
پێکهێنانی حوکمەت... بژاردەکانی بزوتنەوەی گۆڕان‌
| |
  21/05/2014

ئەم پرسیارە لە ناو خەڵکا بڵاوە: بزوتنەوەی گۆڕان بۆچی لە دواخستنی پێکهێنانی حوکمەت بێ دەنگە؟

دو جۆر کەس، بۆ دو مەبەستی جیا ئەم پرسیارە ئەکەن:
جۆرێکیان نەیارەکانی بزوتنەوەی گۆڕانن. ئەیانەوێ بەو پرسیارە دڵی خەڵکی کوردستان و دەنگدەرانی لە بزوتنەوەکە کرمێ بکەن؛
جۆری دوەم، دەنگدەرەکان و دڵسۆزەکانی بزوتنەوەکەن. ئەم جۆرەیان پرسیارێکی کەیش ئەکەن: گۆڕان بۆچی گوشارەکانی لەسەر پارتی زیاتر ناکا تا حوکمەت لەوە زیاتر دوا نەکەوێ؟
ئەمان مەبەستیانە زو حوکمەت پێک بێ، خەڵک لەم قەیرانە یەک لە دوا یەکانە و لە دڵەڕاوکە رزگاریان بێ.

گۆڕان بێ دەنگە؟
بە هیچ جۆرێ، نە بێ دەنگ بوە و نە بێ دەنگ ئەبێ. ئامادەبون بۆ گفتوگۆ و درێژەپێدانی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی یەکەمی براوەی هەڵبژاردن لە سەر پۆستەکان و بەرنامەی حوکمەت، بەڵگەن لەسەر ئەوەی گۆڕان بێ دەنگ نیە.

دروشمی سەرەکی‌ بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنەکانی 21/9/2013 دا بریتی بو لە: "بەرەو دەسەڵات". دەنگدەرەکانی گۆڕان دەنگیان بەو دروشمە داوە. ئەبێ رێز لە دەنگیان و خواستیان بگیرێ.

گۆڕان گفتوگۆ ئەکا بۆ ئەوەی بچێتە دەسەڵاتەوە، هەم ئارەزوی دەنگدەرەکانی بهێنێتە دی، هەم لەوێ، لە ناو حوکمەتا رێگە لە زوڵم و ستەم و گەندەڵی و ناعەدالەتی‌ زیاتر بگرێ.

بژاردەکانی بەردەم گۆڕان:
یەکەم: گوشار دروستکردن لەسەر دەسەڵات:
ئەوانەی داوای گوشار ئەکەن، بە گوێرەی خوێندنەوەم، مەبەستیان درێژەپێدانی لۆجیکی گفتوگۆ نیە. مەبەستیان بەکارهێنانی لۆجیکی هێزە. لەم حاڵەتەدا دو جۆر لۆجیکی هێز قابیلی شیکردنەوەن:

1.    1. بەکارهێنانی چەک:
بزوتنەوەی گۆڕان نە چەکی هەیە بەکاری بهێنێ و نە بڕوای بە بەکارهێنانی چەک هەیە. بەشێک لە ئەرکەکانی بزوتنەوەی گۆڕان سڕینەوەی کلتوری "بەکارهێنانی چەک"ە، بۆ یەکلایی کردنەوەی ناکۆکی و ململانێ سیاسی- کۆمەڵایەتییەکانی ناو هەناوی کۆمەڵی کوردستان.

کێ هەیە نەزانێ شەڕی نێوان مەلایی- جەلالی (1964- 1970)؛ شەڕی نێوان قیادە موەقەتە... پارتی- یەکێتی (1977- 1986) و شەڕی ناوخۆی نێوان حیزبە جیاجیاکانی کوردستان (1993- 2002) چ زەربەیەکی خراپ و کاریگەری لە چارەنوسی خەڵکی کوردستانی باشور، تەنانەت لە هی پارچەکانی کەی کوردستانیش داوە؟

سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردو زلهێزەکانی وەکو ئەمەریکا، بەریتانیا و فەرەنسا بە ئاشکرا ئەگەری دروستبونی دەوڵەتی کوردییان لەگەڵ کاربەدەسانی تورک مناقەشە ئەکرد.

فەرەنسا و ئەمەریکا لە ناوبژیوانی نێوان ینک و پدک، لە هەر دو رێکەوتننامەی پاریس و واشنتۆن دا، بەردی بناغەی جۆرێک لە دەوڵەتی کوردییان داڕشتبو. شەڕی ناوخۆ و درێژەکێشانی دو هێزە شەڕکەرەکە بەرامبەر بە چەکداران و لایەنگرانی یەکتر ئەو دەوڵەتانەی لەو نیاز و بیرۆکەیە تۆران. بۆیە لەمەولا بیرکردنەوە لە بەکارهێنانی چەک بێ شک ئەچێتە خانەی خیانەتی نیشتمانیی پلان بۆ دانراو.

بزوتنەوەی گۆڕان بە کەڵک وەرگرتن لە هەڵەکانی مێژو، بە یەکجاری و بۆ تاهەتایە بژاردەی بەکارهێنانی چەکی لە بیروڕای سیاسی- کۆمەڵایەتیی خۆی فڕێداوەتە دەرێ. کەواتە ئەم بژاردەیە فت.

1.    2. پەنا بردن بۆ شەقام:
خۆپیشاندانەکانی 17ی شوبات بۆ 19ی نیسانی 2011 دور نین. ئەنجامەکانی لەبەرچاوی هەمومانن: 10 شەهید؛ زیاتر لە 1000 بریندار؛ هارتر، بێ بەڵێنتر و گەندەڵتر بونی هەر دو حیزبی حوکمڕان. کەواتە ئەمەیشیان هیچ.

دوەم: درێژە پێدانی گتفتوگۆ:
پەندێکی سیاسی هەیە ئەڵێ: "هەزار سەعات گفتوگۆ باشترە لە یەک سەعات شەڕ". ئەم پەندە زۆر دروستە، بە مەرجێ، گفتوگۆ بۆ گفتوگۆ نە بێ.

بزوتنەوەی گۆڕان نە نیازی بوە و نە نیازی هەیە گفتوگۆ بۆ گفتوگۆ بکا. ئەمەیش یەکێکە لەو کلتورە خراپ و سەقەتەی کە ینک و پدک دایانهێنا و گۆڕان هاتوە بۆ ئەوەی لە ناوی بەرێ.

گۆڕان بەڵێنی چونە دەسەڵاتی داوە بە دەنگدەرەکانی. بۆ ئەوەی بەڵێنەکەی بێتە دی، ئەبێ ئاووهەوا و زەمینەی گفتوگۆی پێکهێنانی حوکمەت سازگار بکا، نەک بیئاڵۆسکێنێ. پەنا بردن بۆ لۆجیکی هێز زەمینەی گفتوگۆی سازگار بۆ پێکهێنانی حوکمەت ئەشێوێنێ، کە حەزێکی رانەگەیەنراوی هێزەکانی دەسەڵاتە، بۆ ئەوەی درێژە بە هەلومەرجی (قائم) بدەن.

گۆڕان هەم هەلومەرجی (قائم)ـی رەفزە هەم ئەو پاشاگەردانی و زوڵم و ناعەدالەتی و گەندەڵییەی لە سایەی دەسەڵاتی 22 ساڵەی جوت حیزبەکەدا هەڕەشە لە تاک بە تاکی کۆمەڵەکەمان و تەجروبەکەمان ئەکەن.

بۆ ئەوەی دەرسێکی کەی هەر دو حیزبی حوکمڕان دابدرێ و نەتوانن دوای هەڵبژاردنەکانی کۆتایی نیسانیش دەستی دەستی بکەن و بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان پێکهێنانی حوکمەت دواتر بخەن، پێویست ئەکا کەس دو دڵ نەمێنێتەوە و هەمومان بچین بۆ دەنگدان و بە دەنگەکانمان تۆڵە لەم دو حیزبە بکەینەوە و پچوکتریان بکەینەوە.

گەر وامان کرد، دوای هەڵبژاردنەکان حیزبەکانی دەسەڵات کاڵەک بە ئەژنۆ ئەشکێنن، چونکە بزوتنەوەی گۆڕان بە بازی بەرز بۆ سەرەوە هەڵەکشێ. ئەو کاتە بەمە رازی نابێ کە ئێستا هەر دو حیزبی حوکمڕان پێی رەوا نابینن.

کۆنفرانسە ناوخۆییەکان ئەو زەمینە پتەوەیان خولقاند کە بزوتنەوەکە بۆ بازەکەی ئەیانکاتە روانگە. دەس لە دەس و قوەت لە خوا بەرەو سەرکەوتنێکی گەورەتر و چاوڕێ کراو. 


سبه‌ی

  269

زیاتر ...
  د.شێركۆ عه‌بدوڵا
  عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح
  کاوە محە مەد
  هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر
   شێرزاد شێخانی
  فرمان عبدالرحمن
  کاوە محە مەد
  نەژاد جەلال
  د. سه‌ردار عه‌زیز
  کاوە محە مەد
123
په‌ڕه‌یله‌ 3
ژماره‌ی بابه‌ت