KNN Frequencies:
  • Nilesat: 10892 H 3/4 27500 - 11227 V 27500
  • Hotbird: 12380 V 27500
هۆشیاری‌ گه‌شتیاری‌‌
| |
  21/05/2014

كه‌رتی‌ گه‌شتوگوزار یه‌كێكه‌ له‌ پێكهێنه‌ره‌كانی‌ ئابووری‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ هه‌ر وڵاتێك، به‌شدارییه‌كی‌ گه‌وره‌ ده‌كات له‌ كوَكردنه‌وه‌ی‌ داهاته‌ گشتییه‌كان، ڕوَڵ و گرنگی‌ ئه‌م كه‌رته‌ ستراتیژییه‌ له‌ ئابووری‌ وڵاتێكه‌وه‌ بوَ ئابووری‌ وڵاتێكی‌ تر جیاوازه‌، ئه‌م جیاوازییه‌ش خۆی‌ له‌ گرنگی‌ پێدانی‌ حكومه‌ته‌كان بوَ ئه‌م كه‌رته‌ ده‌بینێته‌وه‌، بۆ نموونه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ فه‌ره‌نسا و توركیا و لوبنان گرنگییه‌كی‌ ئه‌وتۆ ده‌ده‌ن به‌لایه‌نی‌ گه‌شتوگوزاری‌ وڵاته‌كانیان، ساڵانه‌ بودجه‌یه‌كی‌ تایبه‌تی‌ بوَ داده‌نێن، به‌پلان و به‌رنامه‌ كارده‌كه‌ن له‌پێناو زیاتر بووژانه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدانی‌ ئه‌م كه‌رته‌دا، ئه‌م كه‌رته‌ ئابورییه‌ پیشه‌سازییه‌كی‌ پڕ داهات و كه‌م تێچون و خاوێن، پاڵنه‌رێكی‌ گرنگه‌ بۆ ئه‌و ولاَتانه‌ی‌ كه‌ تاك به‌رهه‌من و ئابورییان لاوازه‌.

ئاماره‌كان ده‌ریده‌خه‌ن گه‌شتیاری‌ بووه‌ته‌ به‌شێكی‌ سه‌ره‌كی‌ بازرگانی‌ جیهان و شاره‌زایانیش به‌ كه‌رتێكی‌ گرنگی‌ داده‌نێن بۆ په‌ره‌پێدانی‌ ئابوری‌، به‌پێ‌ ی‌ ئاماره‌كانی‌ ڕێكخراوی‌ جیهانی‌ گه‌شتوگوزار گه‌شتیاری‌ بووه‌ته‌ دووه‌مین سه‌رچاوه‌ی‌ داهاتی‌ (49) ولاَت و نزیكه‌ی‌ (%10) ی‌ داهاتی‌ جیهانیش له‌م كه‌رته‌وه‌ چنگ ده‌كه‌وێت .

له‌م ناوه‌نده‌دا ئابوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌بواری‌ گه‌شتوگوزاردا سه‌ره‌ڕای‌ بوونی‌ زوَربه‌ی‌ ڕه‌گه‌زه‌كانی‌ گه‌شتیاری‌، به‌ڵام بووژانه‌وه‌ی‌ ئه‌م كه‌رته‌ له‌سه‌ره‌تایدایه‌ و هیوادارین ئاستی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ گه‌شتوگوزار له‌ئاینده‌دا بێته‌دی‌ به‌تایبه‌تی‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ڕێژه‌ی‌ گه‌شتیاران له‌ به‌هاری‌ ئه‌مساڵدا به‌هه‌زاران گه‌شتیار ئه‌ژمار ده‌كران.به‌پێ‌ ی‌ ئاماره‌ ناڕه‌سمییه‌كان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ زیاتر له‌ سه‌ركه‌وتن و هاتنه‌دی‌ گه‌شه‌ پێدانی‌ گه‌شتوگوزار خوَی‌ ده‌بینێته‌وه‌ له‌ بوونی‌ هوَشیاری‌ گه‌شتیاران له‌شوێن و جێگا گه‌شتیارییه‌كاندا، مه‌به‌ستمان له‌ هوَشیاری‌ گه‌شتیاری‌ ئه‌مانه‌ی‌ خواره‌وه‌یه‌ به‌كورتی‌:

1-    پارێزگاریكردن له‌ پاكوخاوێنی‌ شوێن و جێگا گه‌شتیارییه‌كان، له‌ڕاستیدا ئه‌مه‌ ئه‌ركێكی‌ نیشتمانی‌ و نه‌ته‌وه‌ییه‌، بۆ كه‌رتێك له‌ كه‌رته‌كانی‌ ئابوری‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ هه‌رێم كه‌پێموایه‌ شوێن و ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كان ده‌گمه‌نن و ئه‌گه‌ر پارێزگاریان لێ‌ نه‌كرێت له‌به‌رده‌م ئاقاری‌ له‌ناوچووندان.

2-    پاراستنی‌ هێمنی‌ و ئارامی‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كان، ئاشكرایه‌ هێمنی‌ و ئارامی‌ ڕه‌گه‌زێكه‌ له‌ڕه‌گه‌زه‌كانی‌ پاراستنی‌ ژینگه‌ی‌ گه‌شتیاری‌، ئه‌وه‌ی‌ تێبینی‌ ده‌كرێت له‌شوێن و جێگا گه‌شتیارییه‌كاندا ڕووبه‌ر به‌رته‌سك و ته‌نگه‌، بوَیه‌ له‌سه‌ر گه‌شتیاران پێویسته‌ له‌پێناو به‌سه‌ربردنی‌ ڕوَژێكی‌ خوَش، هێمنی‌ و ئارامی‌ بپارێزن و ئه‌ته‌كێتی‌ گه‌شتیاری‌ په‌یڕه‌و بكه‌ن. 

3-    پاراستن و ڕێزگرتن له‌ ئازادی‌ تاكه‌كه‌س له‌شوێن و جێگا گه‌شتیارییه‌كاندا، به‌ڵام به‌مه‌رجێك ئه‌م ئازادییه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ كولتووری‌ كورده‌واری‌ و دابی‌ كوَمه‌ڵایه‌تی‌ ده‌رنه‌چێت و جیاوازی‌ نه‌كرێت له‌گه‌شتیاراندا.

ئه‌مانه‌ له‌ئه‌ستۆی‌ گه‌شتیاراندایه‌ به‌هاوكاری‌ داموده‌زگا تایبه‌تییه‌ حكومییه‌كان به‌گشتی‌ و وه‌زاره‌تی‌ شاره‌وانی‌ و گه‌شتوگوزار و وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ پێكه‌وه‌، به‌و ئومێده‌ی‌ ساڵانی‌ داهاتوی‌ لایه‌نی‌ گه‌شتیاری‌ هه‌رێم، بوژانه‌وه‌یه‌كی‌ گرنگ به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت و داهاتی‌ ئه‌م كه‌رته‌ گرنكه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك بێت له‌ بژێوی‌ ژیانی‌ دانیشتوان و بارگرانی‌ سه‌رشانی‌ بودجه‌ی‌ حكومه‌ت ئاسان بكات .

  288

زیاتر ...
  د.شێركۆ عه‌بدوڵا
  عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح
  کاوە محە مەد
  هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر
   شێرزاد شێخانی
  فرمان عبدالرحمن
  کاوە محە مەد
  نەژاد جەلال
  د. سه‌ردار عه‌زیز
  کاوە محە مەد
123
په‌ڕه‌یله‌ 3
ژماره‌ی بابه‌ت